واشنتۆن (ماڵپەڕى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم): ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى ١٧/٧/٢٠٢٣، بەڕێز سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمریکا کرد لەنێوان بەیان سامى عبداالرحمن و تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا.
لەلاى خۆیەوە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن یکرد بۆ ئەو ئەرک و خزمەتەى کە بەدرێژایى ساڵانى ڕابردوو پێشکەشى کردووە وەک نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا و هەروەها پێشووتریش وەک نوێنەرى حکومەت لە بەریتانیا. هەروەها پیرۆزبایى لێکرد لە ئەرکە تازەکەى لە نووسینگەى جەنابى سەرۆکى حکومەت ڕێزدار مەسرور بارزانى. هەروەها بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پیرۆزبایى لە خاتوو تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هاوکات دووپاتى تەواوى پاڵپشتیەکانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردەووە بۆ نوێنەرى تازە و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرک و خزمەتکردن.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە گووتى (ئێمە پەیوەندییەکى مێژوویى و گرنگمان لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەیە و متمانەى تەواوم هەیە لە بەردەوامى پەرەپێدانى ئەو پەیوەندیە درێژخایەنانە و هاوبەشێتى ستراتیژى نێوان هەردوولا.)
لەلاى خۆیەوە خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن لە ووتەیەکدا بەبۆنەى کۆتایى هاتنى ئەرکەکەى کە لە ماوەى هەشت ساڵى ڕابردوودا لە واشنتۆن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، سوپاسى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و ستافى نوێنەرایەتى کرد. هاوکات بەخێرهاتن و پیرۆزبایى لە خاتوو تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم کرد بەبۆنەى دەست بەکاربوونى.
خاتوو تریفە عزیز یەکەم هاوڵاتى کوردى-ئەمریکایە کە ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا وەربگرێت و پێشووتر لە نووسینگەى سەرۆک وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانى کاریکردووە. خاتوو تریفە عزیز خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە کاروبارى پەیوەندییە حکومیەکان لە ئەمریکا.
بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە سەردانێکى فەرمى لە ئەمریکایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى ئەمریکا و ئەندامانى کۆنگرێس، ئەوەى جێگەى ئاماژەیە نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم خاتوو تریفە عەزیز یاوەرى بەڕێزیان دەبێت لە بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکان.