سەردانیکردنى کوردستان


بۆ ماوەى چەندین دەیە کوردستان شوێنێکى گەشتیارى گرنگ بۆ هاوڵاتیانى عێراقى بەتایبەتى لە وەرزى هاوین و یاخود ئەو کاتانەى دەیانویست پشوێک وەربگرن لەناوچە شاخاوییەکان. ئەمڕۆکە کەرتى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى خێرا فراوان دەبێت لەگەڵ هاتنى گەشتیاران لە سەرتاسەرى جیهان بۆ بینینى شوێنە گەشتیارى و دڵڕفێنەکانى کوردستان. لەگەڵ زۆربوونى ژمارەى هۆتێڵەکان و کۆمپانیا گەشتیاریەکان و هەروەها بەرەوپێشچوونى ژێرخانە ناوخۆییەکان، هەموو ئەمانە بۆتە هۆى ئەوەى کە کوردستان ببێتە شوێنێکى گەشتیارى بۆ هەموو گەشتیاران هەر بودجەیەکیان هەبێت بۆ ئەنجامدانى گەشتەکەیان.

 

بۆ زانیارى زیاتر تکایە لێرە کلیک بکەن بۆ سەردانیکردنى ماڵپەڕى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان.

 

گەشتکردن بۆ بینینى شوێنى سەرکەش و تازە:

 

کوردستان بەناوبانگە بە بوونى چەندین دۆڵ و چیا و دارستان و هەروەها ڕووبارى گەورە و بچوک. گەشتیاران کاتێک خۆش بەسەر ببەن لە سەرکەوتن بەسەر چیاکاندا لەوانە وەک چیاکانى هەڵگورد و پیرەمەگرون و کۆڕەک و برادۆست و شیرین و سەفین. لەسەر چیاى کۆڕەک بەم دواییانە تەلفریک کرایەوە ئەمەش ئاسانکارى کردووە بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەى بچنە سەر لوتکەى چیاکە شوێنە دلڕفێنەکانى دەورووبەرى ببینن. هەروەها گەشتیاران دەتوانن گەشت بکەن بۆ دۆڵ و ڕووبار و ئەشکەوتەکان. هەروەها خلیسکانێى سەر بەفر ئێستا بۆتە یاریەکى بەناوبانگ.

 

ژمارەیەکى زۆر لە ئەشکەوت و چیا لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەیە کە دەتوانرێت سەردانى بکرێت کە زۆربەیان تاوەکو ئێستا زۆر سەردانیکەرانى نەبینیووە. زۆربەى ئەشکەوتەکان قوڵیەکەیان دیارنیە و هەندێک لە لوتکەى چیاکان بە دەگمەنى بینراون. گەشتیارانى دەرەوەى کوردستان ساڵانە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ بینینى شوێنە سەرکەشەکانى.

ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى لە ساڵى ٢٠١٥ هەرێمى کوردستانى لە لیستى سەرەوەى ئەو ناوچانەدا دانابوو کە گەشتیاران بۆ سەرکەشى سەردانى بکەن.

 

گەشتوگوزارى ئایینى:

پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازە ئایینى و نەتەوەییەکان لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بوونى ئاسایش و سەقامگیرى یارمەتى پەرەپێدانى گەشتوگوزارى ئایینى داوە ئەویش لە ڕێگاى سەرنجڕاکێشانى ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى ئایینى لە سەرتاسەرى جیهان. گەشتیارانى بیانى کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە و سەردانى شوێنە ئاینیەکانیان کردووە پێزانینیان هەبووە بۆ هەوڵەکانى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان لە دروستکردنى کەشێکى ئارام و سەقامگیر.

 

لە کاتێکدا پێکەوژیانى نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان ڕەنگێکى ترى داوە بە هەرێمى کوردستان و لە ناوخۆدا بۆتە وێنەیەکى فرە کەلتورى و نەتەوەیى جیاواز، لە هەمانکاتدا بۆتە جێگەى سەرنجڕاکێشانى میوانانى بیانى بۆ هەرێمى کوردستان. هۆکارەکانى پشت ئەم بەرەوپێشچوونانە لە بوارى گەشتوگوزارى ئایینى دەگەڕێتەوە بۆ ئارامى و سەقامگیرى و بەرەوپێشچوونى ئابورى و هەروەها کەلتورى خەڵکى هەرێمى کوردستان لە پێشوازى کردن لە میوانان.

ئەو گەشتیارانەى کە بە مەبەستى گەشتوگوزارى ئایینى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن دەتوانن سەردانى پەرستگاکان و مزگەوت و کڵێساکان بکەن لە هەرێمى کوردستان. بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانى شوێنە ئاینیەکانى تایبەت بە موسڵمانان و کریستیان و ئێزیدى و کاکەییەکانیان کردووە.

 

گەشتوگوزارى سیاسى:

چەندین هێزى دەرەکى و ناوخۆیى فەرمانڕەوایەتى کوردستانیان کردووە و هەروەها چەندین چەندین شەڕ و جەنگ لە ناوچەکە و خاکى کوردستان ڕوویداوە و یەکلابۆتەوە. لەوانەیە یەکێک لە جەنگە بەناوبانگەکان جەنگى گاوگامێڵا بێت لەنێوان هەریەک لە ئەلیکساندەرى مەزن و داریوس یەکەم کە لە ناوچەیەکى نزیک شارى هەولێر لە ساڵى ٣٣١ى پێش زایین ڕوویدا.

ڕووداوە گرنگەکانى تر کە لەسەر خاکى کوردستان ڕوویداوە فتوحاتى ئیسلامى و هەروەها داگیرکردنەکانى عێراق و مەغۆل و عوسمانیەکان و بەریتانیەکان. میرنشینە کوردیەکان لە سەردەمى ماددەکان تاوەکو شێخ مەحمود هەتاوەکو ئێستا بە ناوچەى گەشتیارى گرنگ دادەنرێن.

 

لە مێژووى هاوچەرخدا خەڵکى کوردستان تووشى جۆرەها چەوسانەوە بووە لەسەر دەستى حیزبى بەعس ئەویش لە ڕێگاى ئەنجامدانى چەندین تاوانکارى سیاسى و سەربازى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان. ئەو تاوانانە هەرگیز لە بیرناکرێن ئەوانیش هەڵمەتەکانى جینۆسایدى ئەنفال دژ خەڵکى کوردستان و کیمیابارانکردن و ڕووخاندنى زیاتر لە ٥٠٠٠ پێنج هەزار گوند و شەهیدکردنى ١٨٢٠٠٠ سەد و هەشتا و دوو هەزار خەڵکى مەدەنى و سەدان گۆڕى بە کۆمەڵ. مۆزەخانەى مۆنیومێنتى ئاشتى لە هەڵەبجە ئەرشیفى ئەو بەڵگەنامە و کەلوپەلانە دەکات کە تایبەتە بە شەهیدبوونى ٥٠٠٠ پێنج هەزار هاوڵاتى ئەو شارە. پاشماوەى زۆر لەو چەکە ناوخۆیى و تەقلیدیانە دەکرێت لە مۆزەخانەکانى هەرێمى کوردستان ببینرێت لەوانە مۆزەخانەى ئەمنە سورەکە لە سلێمانى. چەندین مۆنیومێنت و گۆڕستان وەک یادەوەرى جینۆساید هەیە، هەروەها پەیکەرى چەندین سەرکردە و شۆڕشگێڕ. چەندین کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار و دۆکیومێنتارى دەربارەى ئەو ڕووداوانە هەیە.

 

گەشتوگوازى کەلتورى:

 

چەندین گروپ و نەتەوەى جیاواز لە هەرێمى کوردستان دەژین وەک کوردەکان و ئاشورى و تورکمان و کلدانى و ئەرمەنى و عەرەب. هەریەکێک لەم گروپ و نەتەوانە کەلتور و جلوبەرگ و زمانى تایبەت بە ناوچەى خۆى هەیە.هەروەها کەلوپەلى تایبەت بە کشتوکاڵ کردن و کەلوپەلى ئامادەکردنى خواردن و هەروەها شێوازەکانى ئەنجامدانى چەندین چاڵاکى جیاواز کە دەتوانرێت بناسرێتەوە لە رێگاى پۆشینى جلى نەتەوەیى خۆیان کە شێوازێکى تایبەتە لەگەڵ زێڕ و خشڵ.

 هەروەها هەریەک لەم کەلتورە جیاوازانە شێوازى تایبەت بە خۆیان هەیە لە ئامادەکردنى چێشتى کەلتورى و پێشوازى کردن لە میوانان کە هەردەم بە ڕوویەکى خۆشەوە پێشوازى لە میوانان دەکەن و لە خۆشیەکان هاوبەش دەبن لەگەڵیان.

یەکێک لە کارە هونەرى و دەستکردەکانى کە هەرێمى کورستانى پێی بەناوبانگە مافور و کارى ڕستن و چنینە. ئەم کارە دەستکردانە دەتوانرێت لە مۆزەخانە کەلتوریەکان لە شارەکانى وەک هەولێر و سلێمانى و دهۆک و کەلار ببینرێت.

 

گەشتوگوزارى شوێنەوارى:

زیاتر لە ٣٥٠٠ سێ هەزار و پێنج سەد ناوچەى شوێنەوارى لە هەرێمى کوردستان هەیە. هەندێک زۆر گرنگن لە ڕووى سەردانى گەشتیارانەوە وەک قەڵاکانى هەولێر و خانزاد و دێرێ و سارتکە و ئاکرێ و ئامێدى و ڕەواندز و شێروانە و بەرزنجە و ئەوانى تر. شوێنەکانى تر وەک شوێنەوارى نەخشە هەڵکۆڵکراوەکانى قزقەپان و خنس و هەڵمەتان و هەندێک پەیکەرى هەڵکۆڵراو لە ناوچەى هەریر و دەربەندى بیلۆلا و دەربەندى گوێڕ و میرقۆلیاند و چەندینى تر.

شوێنەوارە مێژوویەکانى ترى هەرێمى کوردستان بریتین لە ئەشکەوتى شانەدەر کە ئێسکە پەیکەرى مرۆڤى نیاندەرتاڵ ى تیایدا دۆزرایەوە کە دەگەڕێتەوە شەست هەزار ساڵ پێش زایین. هەروەها ئەشکەوتى چوار ئەستون کە پەرستگایەکى کۆنى زەردەشتیەکانە. شوێنەوارە هەڵکۆکراوەکان دەتوانرێت لە زۆر شوێن ببینرێت بە تایبەتى لە ئەشکەوتەکانى گوندیک و بێستون و هاودیان و چەمى ڕەزان و هەزار مێرد و زەرزى، کە زۆر پاشماوەى شوێنەوارى لەم شوێنانە هەبووە و دۆزراوەتەوە. کەلەپورە شوێنەواریەکان کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەتوانرێت لە مۆزەخانەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک بینرێت و زانیارى لەسەر وەربگیرێت.

 ژیانى کشتوکاڵکارى نزیکەى ١٠ دە هەزار ساڵ پێش زایین لە هەرێمى کوردستان لە گوندى زاویە و هەروەها ٧ حەوت هەزار ساڵ پێش زایین لە گوندى چەرمۆ دەستى پێکردووە. ئەو گەشتیارانەى کە حەز لەم شوێنانە دەکەن دەتوانن زۆر سەرچاوەى شوێنەوارى تر ببینن.