مێژووى نوێى کوردستان


١٩١٨: شێخ محمود بەرزنجى بووە حاکمى سلێمانى لەسەردەمى حوکمى بەریتانیەکان. دواتر خۆى و سەرکردە کوردەکانى تر کە دەیانویست کوردستان سەربەخۆبێت و حوکمى خۆى بکات دژى بەریتانیەکان ڕاپەڕین بەڵام دواى ساڵێک شۆڕشەکەیان شکستى هێنا.

 ١٩٢٣: ڕێکەوتنامەى لۆزان لەنێوان تورکیا و ووڵاتانى هاوپەیمانان بووە هۆى هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتنامەى سیڤەر کە پێشووتر دانى نابوو بە دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردى.

١٩٢٥: دواى ناردنى کۆمیتەى هەڵسەنگاندنى ڕاستیەکان بۆ وویلایەتى موسڵ، کۆمەڵەى نەتەوەکان بڕیاریدا کە ئەو وویلایەتە ببێتە بەشێک لە عێراق و لەژێر ئینتیدابى بەریتانیا بمێنێتەوە بۆ ماوەى ٢٥ ساڵى داهاتوو بۆ دڵنیابوون لە مسۆگەرکردنى ئۆتۆنۆمى بۆ کوردەکان. ساڵێک دواتر تورکیا و بەریتانیا لەژێر ڕۆشنایى بڕیاڕەکەى کۆمەڵەى نەتەوەکان ڕێکەوتنامەیەکیان واژووکرد.

١٩٦١: داواکەى مەلا مستەفا بارزانى بۆ ئۆتۆنۆمى بۆ کوردەکان لەلایەن حکومەتەکەى عەبدولکەریم قاسم ڕەتکرایەوە. لە ڕێکەوتى ١١ى ئەیلول، مستەفا بارزانى فەرمانى بەهەموو کوردەکان کرد کە چەک هەڵگرن دژى سوپاى ئەو کاتەى عێراق و ئەمەش دەسپێکى شۆڕشێکى ترى کوردەکان بوو.

١٩٧٠: پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى مستەفا بارزانى گەیشتنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ بەغدا بۆ پێدانى ئۆتۆنۆمى بە کوردستان و بەشدارى سیاسى کورد لە حکومەتى بەغدا. ساڵى ١٩٧٤ بەهۆى ئەوەى بەندەکانى ڕێکەوتنەکە جێ بەجێ نەکرا دووبارە شەڕ و ئاڵۆزى سەرى هەڵدایەوە.

١٩٧١ – ١٩٨٠ : حکومەتى عێراقى زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ دوو سەد هەزار کوردى فەیلى شیعە مەزهەبى لە عێراق دەرکرد.

١٩٧٥: حکومەتى عێراقى ڕێکەوتنامە جەزائیرى لەگەڵ ئێران واژووکرد کە تیایدا گەیشتنە ڕێکەوتن سەبارەت بە ناکۆکیەکانى نێوان هەردوولا بەرامبەر ئەوەى کە حکومەتى ئەو سەردەمەى شاى ئێران کۆتایى بە پشتگیریەکانى بهێنێت بۆ پارتى دیموکرانى کوردستان و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى.

 ١٩٨٣: حکومەتى عێراقى هەڵسا بەشوێن بزرکردنى ٨٠٠٠ هەشت هەزار پیاو و گەنجى عەشیرەتى بارزانیەکان. لە ساڵى ٢٠٠٥ گۆڕى ٥٠٠ لەو شەهیدانە لە بیابانەکانى عێراق لە نزیک سنورى سعودیە دۆزرایەوە کە ناوچەیەکە بە سەدان کیلۆمەتر لە هەرێمى کوردستانەوە دوورە.

١٩٨٧-١٩٨٩: حکومەتى عێراقى هەڵمەتى ئەنفاڵ و جینۆسایدى دژ بە هاوڵاتیانى مەدەنى گەلى کوردستان ئەنجامدا لە ڕێگاى کۆمەڵکوژى و بێ سەروشوێن کردن و بەرکاهێنانى فراوانى چەکى کیمیاوى و خاپورکردنى گوند و شارۆچکەکان و تێکدانى ژێرخانى ئابورى دێهاتەکانى کوردستان. لەو هەڵمەتەدا پێشبینى دەکرێت کە زیاتر لە ١٨٠,٠٠٠ سەد هەشتا هەزار هاوڵاتى کورد بوونەتە قوربانى و شەهیدکراون.

 ١٩٨٨: ڕۆژانى ١٦ و ١٧ى ئازارى ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگیەکانى حکومەتى عێراقى بە چەکى کیمیاوى هێرشیان کردە سەر شارى هەڵەبجە و کیمیابارانى ئەو شارەیان کرد، لە ئەنجامدا چوار هەزار بۆ پێنج هەزار هاوڵاتى مەدەنى شەهید بوون.

 ١٩٩١: چەند ڕۆژێک دواى ئاگربەستى شەڕى کەنداو، گەلى کوردستان دژى ڕژێمى بەعس ڕاپەڕین. چەند هەفتەیەک دواى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلى کوردستان، سوپاى عێراقى لە ڕێگاى هێرشکردنى زەمینى و ئاسمانى ڕاپەڕینەکەى چەوساندەوە. ئەم هێرشەى سوپاى عێراقى بووە هۆى ڕوودانى کۆڕەوە ملیۆنیەکەى خەڵکى کوردستان و زۆربەى خەڵکى کوردستان ڕووى لە ناوچە سنوریە شاخاوییەکان کرد و بەمەش قەیرانێکى مرۆیى سەرى هەڵدا. ووڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەسنا ناوچەى دژە فڕینیان ڕاگەیاند بەدرێژاى هێلى ٣٦ و ئەوانەى کە ئاوارەبوون گەڕانەوە.  دواى چەند مانگێک ڕژێمى سەددام حسین سوپا و ئیدارەى خۆى لە ناوچە کوردیەکان کشاندەوە و ئابڵوقەیەکى ناوخۆیى خستە سەر هەرێمى کوردستان.

١٩٩٢: بەرەى کوردستانى کە لە حیزب و پارتە سیاسیە کوردەکان پێک هاتبوو بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى و سەرۆکایەتى دا و یەکەمین حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزرێنرا.

١٩٩٤: حکومەتى هاوپەیمانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان شکستى هێنا کە دەرەنجامەکەى دروست بوونى شەڕى ناوخۆ و دوو ئیدارەى جیاواز لە هەریەکە لە هەولێر و سلێمانى.

١٩٩٨: پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ڕێکەوتنامەى ئاشتیان لە واشنتۆن واژووکرد و کۆتاییان بە شەڕى ناوەخۆ هێنا.

٢٠٠٣: هێزەکانى پێشمەرگە شانبەشانى هێزەکانى هاوپەیمانان شەڕیان کرد بۆ ئازادکردنى عێراق لە دەست ڕژێمى سەددام حسین.

٢٠٠٥: لە ڕاپرسیەکى نیشتیمانیدا، عێراقیەکان دەستورى نوێى ووڵاتیان پەسەند کرد. رێژەى ٧٨% عێراقیەکان دەستورى نوێیان پەسەند کرد کە دان بە پێگە و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان لە حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان دادەنێت.

٢٠٠٦: لەسەرەتایى ساڵدا پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رێکەوتن لەسەر یەکخستنەوەى هەردوو ئیدارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان. لە ٧ى ئایار کابینەى یەکگرتوو بە سەرۆکایەتى بەڕێز سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانى پێک هات.

 

سەرچاوەکان:

  • گاریث ستانسفێڵد، (پرسى کوردەکان لە عێراق لە ١٩١٤ - ١٩٧٤) زنجیرەى ژمارەى دووى میدڵ ئیست ئۆنڵاین کە چاپکراوە لەلایەن دامەزراوەى ثۆمسۆن بۆ فێربوون، ساڵى ٢٠٠٦.
  • کتێبخانەى کۆنگرێس – دیراساتى ووڵاتان: عێراق.
  • ئێف ئێس نۆرثێج، کۆمەڵەى نەتەوەکان: مێژوو و کاتەکانى، ١٩٢٠-١٩٧٤ .
  • گاریث ستانسفێڵد، (پرسى کوردەکان لە عێراق لە ١٩١٤ - ١٩٧٤) زنجیرەى ژمارەى دووى میدڵ ئیست ئۆنڵاین کە چاپکراوە لەلایەن دامەزراوەى ثۆمسۆن بۆ فێربوون، ساڵى ٢٠٠٦.
  • جۆن بولوچ و هارڤى مۆریس، تەنها چیاکان دۆستمانن: مێژووى تراژیدیاى کوردەکان.
  • ڕاپۆرتى رێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ، هەرچیەکى ڕوویدا بەرامبەر بە کوردەکان؟ ١١ى ئازارى ١٩٩١.
  • دەیڤید مەکدۆویل، مێژووى هاوچەرخى کوردەکان.
  • گوین ڕۆبەرتس، فیلمى دۆکیومێنتارى: ڕێگاى سەددام بەرەو دۆزەخ.
  • ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ، ڕاپۆڕتى چاودێرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، جینۆساید لە عێراق: هەڵمەتى ئەنفال دژى کوردەکان، ساڵى ١٩٩٣.