مێژووى حکومەتى هەرێمى کوردستان


حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ١٩٩٢ دامەزرا لەلایەن یەکەم پەرلەمانى کوردستان، کە بۆ یەکەمجاربوو لە هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە لە هەرێمى کوردستان و تەنانەت عێراقییش، گەل توانى نوێنەرانى خۆى هەڵبژێرێت، ئەمەش دواى ئەوەى هاوپەیمانان هەڵسان بە دانانى ناوچەى دژەفڕین بۆ پاراستنى هەرێمى کوردستان لە توندوتیژیەکانى ڕژێمى پێشووى بەعس.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى ڕابردوودا بەدرێژاى کابینە یەک لە دواى یەکەکان ئەزموون و شارەزاییەکى زۆرى پەیداکرد بەتایبەتى لە دواى ڕووخانى ڕژێمى پێشوو لە ساڵى ٢٠٠٣. هەردوو ئیدارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠٠٦ دا یەکیان گرتەوە لە کابینەى پێنجەم لە ژێر سەرۆکایەتى سەرۆک وەزیران بەڕێز نێچیرڤان بارزانى. کابینەى پێنجەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمارەیەک پڕۆژە و سیاسەتى تازەى زۆر گرنگى ئەنجامدا کە لە ساڵەکانى پێشوودا جێ بەجێکردنى ئاسان نەبوو. لەوانە دروستکردنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى و سیاسەتێکى چالاک لەبوارى نەوت و گاز، ئاوەدانکردنەوەى ژێرخانەکانى هەرێمى کوردستان، پەرەپێدانى پەیوەندیە دەرەکیەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، و  جێ بەجێکردنى ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەى بوارى ئابورى و کۆمەڵایەتى لەنێو هەرێمى کوردستان.

کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى بەڕێز د. بەرهەم ساڵح بەردەوامى دا بە سیاسەتە سەرکەوتووەکانى کابینەى پێنجەم پەرەى بە جێبەجێکردنى ژمارەیەک پڕۆژەى ناوخۆدا لەبوارى نیشتەجێکردن و خوێندنى باڵا و شەفافیەتى حکومەت. کابینەى حەوتەم چەند سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا لە کەرتە ستراتیژیەکان لەهەموویان گرنگتر پەرەپێدانى کێڵگە نەوتیەکان و گاز و هاتنى ڕێژەیەکى زۆر وەبەرهێنانى بیانى بوو بۆ هەرێمى کوردستان.

کابینەکانى پێشووى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرەوپێشچوونێکى بەرچاویان بینیووە لە پێشکەش کردنى خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان بە هاوڵاتیان وەک دابەشکردنى کارەبا و پەرەپێدانى ژێرخان و باشترکردنى کەرتى تەندروستى و پەروەردە و زیادبوونێکى بەرچاو لە داهاتى ساڵانەى هاوڵاتیان و ستانداردى ژیان و گوزەرانیان.