هەڵمەتەکانى ئەنفال و جینۆساید بەرامبەر گەلى کوردستان


سەدان هەزار لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لە ڕێگەى پرۆسەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو کۆتایى بەژیانیان هێنرا لە ساڵانى ١٩٨٠ کان لە هەڵمەتێکدا کە بە ئەنفال ناسرابوو لەلایەن ڕژێمى پێشووى عێراق بۆ لەناوبردنى گەلى کورد بەڕێوەبردرا. قوربانیان دواى ئەوەى دەست و قاچیان بەسترابوو و فیشەک باران کرابوون و لە گۆڕى بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کرابوون. شار و گوندەکانیان بە چەکى کیمیاوى بۆردومانکرابوو و ژمارەیەکى زۆر لە ئافرەتان و منداڵان نێردرابوون بۆ کەمپەکان کە لە دۆخێکى سەختدا ژیانیان بەڕێ دەکرد. پیاوان و کوڕان کە لە تەمەنى لاوێتیدابوون بەتایبەتى دەست گیرکران و کۆمەڵکوژکران. ڕژێمى پێشوو هەڵمەتەکەى بەناوى سوڕەتى ئەنفال ى قورئان ناوناوە. ئەنفال کە بە ماناى دەسکەوتەکانى جەنگ دێت بەکارهات بۆ وەسفکردنى ئەو هەڵمەتە سەربازییەى لەلایەن علی حسن المجید سەرکردایەتى دەکرا بۆ لەناوبردنى گەلى کورد و تاڵانکردنى ناوچەکانیان. ڕژێمى پێشووى بەعس قورئانى بەشێوەیەکى هەڵە بەکاردەهێنا بۆ بەرژەوەندى خۆى. ئەنفال لە قورئاندا بە ماناى جینۆساید نایەت بەڵام ڕژێمى پێشووى بەعس وەک کۆدێک بە کارى دەهێنا بۆ ئەو هێرش و هەڵمەتانەى کە بەشێوەیەکى سیستەماتیکى دژ بە گەلى کورد بەکارى دەهێنا. هەروەها ئەم هەڵمەتەى ڕژێمى پێشوو تەنانەت گوندەکانى کەمە نەتەوە ئاینەکانى وەک کریستیانەکانیشى گرتۆتەوە.

 بەڵام ئەوەى جێگەى ئاماژەیە تاوانەکانى جینۆساید دژ بە گەلى کوردستان چەندین دەیە بەر لە تاوانەکانى ئەنفال دژ بە گەلى کورد ئەنجامدرا و ژمارەیەکى بێ شومار قوربانى لیکەوتەوە. هەڵمەتەکانى جینۆساید بۆ ماوەى چەندین دەیە بەردەوام کە بە تەعریب کردنى گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک لە ساڵى ١٩٦٣ دەستى پێکرد و دواتر ڕاگواستن و بێ سەروشوێن کردنى کوردانى فەیلى لە ساڵانى ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان، ئەنفالکردنى ٨٠٠٠ هەشت هەزار لە پیاوان و گەنجانى بارزانى لە ساڵى ١٩٨٣ و بەکارهێنانى چەکى کیمیاى لە کۆتایى ساڵانى ١٩٨٠ کان کە دیارترینیان کیمیابارانکردنى هەڵەبجە بوو و دواتریش هەڵمەتى فراوانى ئەنفاڵ لە ساڵى ١٩٨٨ . سەدان هەزار خەڵکى بێ تاوان لەناوچوون و چەندین خانەوادە لەیەک دابڕان و چەندین کەس بەهۆى ئەو کارەساتانەوە تاوەکو ئێستا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنن. لەهەمانکاتدا ٤٥٠٠ چوار هەزار و پێنج سەد گوند لەنێوان ساڵەکانى ١٩٧٦ و ١٩٨٨ خاپورکران لەگەڵ تێکدانى ژێرخانى کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان و لەناوبردنى کەلتور و ژیانى گوندنشینەکان.

 ئەنفال ماناى چیە:

ئەنفال ماناى ئەو هەڵمەتە یەک بە دواى یەکەنایە کە لەلایەن ڕژێمى پێشووە لە ماوەیەکى دیاریکراودا تاوانى بەرامبەر گەلى کوردستان ئەنجامدا.  ئەم هێرشانەى لەلایەن دیکتاتۆر سەددام حسین ناوى (ئەنفال)ى لێنرا و ئامۆزاکەى بەناوى على حسن مجید (ناوسراو بە علی کیمیاوى) ئەم ووشەیەى بەکاردەهێنا بۆ ئەوەى بە ووردى باسى ئەو پلانە هەشت قۆناغەییە بکات کە دایڕشتبوو بۆ پاکتاوکردنى نەتەوەى کورد لەنێوان ٢٣ى شوبات تاوەکو ٦ى ئەیلول ١٩٨٨. لە کۆمەڵگاى کوردى کاتێک ووشەى ئەنفال بەکاردێت ماناى هەموو ئەو تاوان و جینۆساید و کۆمەڵکوژیە دەگرێتەوە بەدرێژاى مێژوو بەرامبەر بە گەلى کورد ئەنجام دراوە.

 جینۆساید بەرامبەر بە گەلى کورد: داتاکان:

  • لە ساڵى ١٩٦٠ ەوە نزیکەى یەک ملیۆن هاوڵاتى عێراقی بێ سەروشوێن بوونە کە پێشبینى دەکرێت کوژرابن یاخود شوێنیان نادیاربێت.
  • ڕێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (Human Rights Watch) لە ساڵى ١٩٩٣ دا ڕاپۆرتێکى ووردى لەسەر هەڵمەتەکانى ئەنفال لە عێراق بڵاوکردەوە و بەپێى ئەو ڕاپۆڕتە بەلایەنى کەم ٥٠,٠٠٠ پەنجا هەزار و لەوانەیە بگاتە زیاتر لە ١٠٠,٠٠٠ سەد هەزار هاوڵاتى کورد لەسەر دەستى ڕژێمى بەعسى عێراقى کوژرابن. لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتە بەدواوە چەندین سەرچاوە ئەوەیان خستۆتەڕوو کە پێ دەچێت زیاتر لە ١٨٢,٠٠٠ سەد و هەشتا و دوو هەزار کورد یاخود زیاتر لە هەڵمەتەکانى ئەنفال کوژرابن.
  • جینۆساید: بەدرێژاى هەڵمەتەکانى ئەنفال گەنج و پیاو و ئەوانەى کە لە تەمەنى لاوێتیدا بوون بەشێوەى کۆمەڵ شوێن بزرکران. زۆربەى ئەو پیاو و گەنج و لاوانە دەست گیرکران و دواتر گواسترانەوە بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە لەوێدا بەشێوەیەکى دڕندانە بەکۆمەڵ کوژران، بەپێى داتاکان رێژەى ٧٠% قوربانیەکان پیاو بوون کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٥٠ ساڵ دەبوو.
  • هەروەها هەزاران ئافرەت و منداڵ بێ سەروشوێن کران. بەپێچەوانەى پیاوەکان، تەنها لە چەند ناوچەیەکى دیاریکراودا ئافرەتەکانیان دەست گیردەکرد. بەڵگەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئافرەت و منداڵەکان لە کۆمەڵگا سەربازیەکان دەست بەسەر دەکران کە دواتر یان لەسێدارە دەدران یاخود لەبرساندا دەمردن.
  • لەساڵانى ١٩٨٠کان گەلى کورد بە چەکى کیمیاوى هێرشى کرایە سەر و لەئەنجامدا هەزاران پیاو و ئافرەت و منداڵ گیانیان لەدەستدا.
  • لەماوەى هەڵمەتى ئەنفالد، ڕێژەى ٩٠% گوندەکانى هەرێمى کوردستان و زیاتر لە ٢٠ شار و شارۆچکە بە تەواوى خاپورکران.

 ساڵیاد و ڕێکەوتە گرنگەکان:

  • ١٦ى ئازار: ڕۆژى هەڵەبجە، ساڵیادى بۆمبارانکردنى شارى هەڵەبجە بە چەکى کیمیاوى لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ١٤ى نیسان: ساڵیادى یادکردنەوەى قوربانیانى ئەنفال و جینۆسایدى کورد لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ١٠ى تەمموز: ساڵیادى ڕاگوێزانى ٤٠,٠٠٠ چل هەزار لە خەڵکى کەرکوک و ناوچەکانى دەورووبەرى کەرکوک لە ساڵى ١٩٦٢.
  • ٣١ى تەمموز: ساڵیادى بێ سەروشوێنکردنى بارزانیەکان لە ساڵى ١٩٨٣ .
  • ١٨ى ئاب: ساڵیادى کۆمەڵکوژیەکەى گوندى سورەیا لە ساڵى ١٩٦٩ .
  • ٤ى ئەیلول: ساڵیادى کۆمەڵکوژى کوردانى فەیلى لە ساڵى ١٩٨٠ .

 ئەمانەى خوارەوە ساڵیاد و یادکردنەوەى کیمیابارانى هەندێک لە شارۆچکە و گوندەکانى سەرتاسەرى هەرێمى کوردستانن کە سەدان کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە لە ساڵانى ١٩٨٤ و ١٩٨٧ و ١٩٨٨ کیمیاباران کراون:

  • ٢٦ و ٢٨ى شوبات: کیمیابارانکردنى گوندەکانى سەرگەڵو و یاخسەمەر و گوێزەڵە و دۆڵى جافایاتى لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ١٦ى ئازار: کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ١٨ى ئازار: کیمیابارانکردنى گوندى عەبناب و قەزاى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ١٦ى نیسان: کیمیابارانکردنى گوندەکانى شێخ وەسانان و ناوچەکانى دەورووبەرى لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ١٧ى نیسان: کیمیابارانکردنى گوندەکانى قزڵەر و سەنگەر و ماولەکە لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ٢٠ى نیسان: کیمیابارانکردنى گوندەکانى دۆڵى بالیسان لە ساڵى ١٩٨٧ .
  • ٢١ى نیسان: کیمیابارانکردنى قەزاى قەرەداغ لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ٣ى ئایار: کیمیابارانکردنى گوندەکانى گۆزتەپە و ئەکار و مەیلان و سەرچمە و شێخانم کەڵەشێر و چەمى ڕێزان و قۆچڵاغ و زەرى لە ساڵى ١٩٨٨ .
  • ٢٣ى ئایار: کیمیابارانکردنى گوندەکانى مەلەخ گۆڕەشێر و کەندۆڵ و بەردۆک و بلێ و تاهى و نازەنین و باڵیسان لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ٢٨ى حوزەیران: کیمیابارانکردنى شارى سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە ئێران لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ١ى تەمموز: کیمیابارانکردنى زۆربەى گوندەکانى قەزاى دهۆک لە ساڵى ١٩٨٧.
  • ٩ى ئاب: کیمیابارانکردنى گوندەکانى قەزاکانى بادینان و ناوچەى گەلى بازى لە ساڵى ١٩٨٨.
  • ١٦ى ئەیلول: کیمیابارانکردنى گوندەکانى مەرگەپان لە ساڵى ١٩٨٤.

هەڵمەتەکانى ئەنفال لە ساڵى ١٩٨٨:

هەڵمەتەکانى ئەنفال لە ساڵى ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا کە بووە هۆى کوشتنى زیاتر لە ١٨٢,٠٠٠ سەد و هەشتا و دوو هەزار هاووڵاتى کوردى مەدەنى. هەزاران گوند بەتەواوەتى خاپورکران و ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە لەسەرەتایى ساڵى ١٩٧٠ کان تاوەکو کۆتایى قۆناغەکانى ئەنفال ٤,٥٠٠ چوار هەزار و پێنج سەد گوند خاپوربکرێت. هەشت قۆناغەکانى ئەنفاڵ بەم شێوەیەى خوارەوە ئەنجام درابوو:

  • ٢١ى شوباتى ١٩٨٨ تاوەکو ١٨ى ئازارى ١٩٨٨: قۆناغى یەکەمى هەڵمەتى ئەنفال لە دۆڵى جافایەتى دەستى پێکرد.
  • ١٤ى ئازارى ١٩٨٨ تاوەکو ٢٢ى ئازارى ١٩٨٨: قۆناغى دووەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى قەرەداغ دەستى پێکرد.
  • ٣١ى ئازارى ١٩٨٨ تاوەکو ١٤ى نیسانى ١٩٨٨: قۆناغى سێ یەمى هەڵمەتى ئەنفاڵ دەستى پێکرد لە ناوچەى گەرمیان.
  • ١٨ى نیسان ١٩٨٨ تاوەکو ٢٠ ى نیسان ١٩٨٨: قۆناغى چوارەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەى قەزاى عەسکەر و گۆپتەپە و شوان و قەڵا و سواکە و دەشتى کۆیە دەستى پێکرد.
  • ٢٤ى ئایارى ١٩٨٨ تاوەکو ٣١ى ئاب ى ١٩٨٨: قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەمى هەڵمەتەکانى ئەنفال لە قەزاکانى شەقڵاوە و ڕەواندز دەستى پێکرد.
  • ٢٥ى ئاب ى ١٩٨٨ تاوەکو ٦ى ئەیلولى ١٩٨٨: قۆناغى هەشتەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەکانى بادینان دەستى پێکرد.

 سەرچاوەکان:

  1. ڕاپۆڕتى ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ لە ساڵى ١٩٩٣ ، (جینۆساید لە عێراق- هەڵمەتى ئەنفال دژ بە کوردەکان)، دەتوانن لێرە دەقى ڕاپۆڕتەکە ببینن: http://www.hrw.org/legacy/english/docs/2006/08/14/iraq13979_txt.htm
  2. ڕاپۆڕتى ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ لە ساڵى ١٩٩٤ ، (تاوانەکانى جینۆساید لەلایەن عێراق)، ڵاپەڕەکانى ٢٦٦-٢٦٨ .
  3. ڕاپۆڕتى ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ لە ساڵى ١٩٩٤ ، (تاوانەکانى جینۆساید لەلایەن عێراق) ڵاپەڕەکانى ١٣ و ٩٦ و ١١٥ و ١٧١ .
  4. کەنەدال نەزان، ئازارى ١٩٩٨ لە ڕۆژنامەى لۆمۆند دیپلۆماتیک.