نوێنەرایەتى


خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

 

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کە ڕۆڵى سەرەکى دەگێڕێت لە بەهێزکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، و پەرەپێدان و بەرەوپێش بردنى پێگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى هاوبەشى و هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى ئەو ووڵاتە لە زۆر بوارى جیاوازدا لەوانە سیاسى، ئاسایش، مرۆیى، ئابورى و پرسە کەلتوریەکان. خاتوو بەیان سامى بەر لەوەى وەک نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەست نیشان بکرێت وەک نێردەى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا کارى دەکرد. هەروەها ناوبراو لە ساڵى ٢٠١٠ دا وەک ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان هەڵبژێردراوە.

 

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن بەرلەوەى لە کەرتى گشتى حکومى کاربکات وەک ڕۆژنامەنووسێک بۆ ماوەى ١٧ ساڵ کارى ڕۆژنامەنووسى کردووە. ئەو سەرەتاى کارى ڕۆژنامەنووسى لە ڕۆژنامەیەکى ناوخۆیى شارى لەندەن دەستپێکرد کە ڕۆژنامەى (The Observer) بوو و لە ساڵى ١٩٩٣ دا لەلایەن ڕۆژنامەى ناوبراوەوە خەڵاتى ( Farzad Bazoft Memorial Prize)ى پێشکەش کرا کە ئەمەش سەرکەوتنى زیاترى کارى ڕۆژنامەوانى ناوبراوبوو لە ڕۆژنامەى (The Observer) ودواتر لە فاینانشاڵ تایمز. ناوبراو بۆ ڕۆژنامەى فاینانشاڵ تایمز لە بەریتانیا و ژاپۆن کارى کردووە کە لە شارى تۆکیۆى پایتەختى ژاپۆن وەک نێردەى ئەو ڕۆژنامەیە کارى دەکرد.

باوکى خاتوو بەیان کە دەکاتە شەهیدى سەکردە سامى عبدالرحمن یەکێک بوو لە سەرکردەکانى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد کە لە ساڵى ١٩٦٣ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کردبوو کە ڕۆڵى سەرکردایەتى گرنگى هەبوو لە نێو پارتە کوردیەکان و هەروەها ئۆپۆزسیۆنى عێراقى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمى سەددام حسین. شەهید سامى عبدالرحمن جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو. شەهید سامى عبدالرحمن لە ساڵى ٢٠٠٤ لە دەرەنجامى کردەوەى تیرۆریستى ١ى شوبات خۆى و کوڕە گەورەکەى شەهید صلاح و ٩٦ سەرکردە و هاوڵاتى تر شەهیدبوون.

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن لە شارى بەغدا لە دایکبووە و خۆى و خانەوادەکەى لە سەرەتاى ساڵانى حەفتاکان لە ئاوارەیدا لە ئێران ماوەیەک ژیانیان بەسەربردووە پێش ئەوەى ڕووبکەنە ووڵاتى بەریتانیا لە ساڵى ١٩٧٦. هەروەها ناوبراو دەرچووى زانکۆى لەندەن بەشى مێژووە.