فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە


حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى بنیاتنانى پردى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە مانگى ئەیلولى ساڵى ٢٠٠٦ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى دامەزراند. ئەمڕۆ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بەشێکى گرنگى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکى زۆرى لە ئەستۆدایە. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمارەیەک نوسینگەى نوێنەرایەتى لە ووڵاتانى دەرەوەدا هەیە.

 

فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەرکى پێدراوە بۆ پەرەپێدانى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان و گەلەکەى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ئەمەش بەپێى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان و دەستورى کۆمارى عێراق.

 

ئەرک و بەرپرسیارێتیە سەرەکیەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئەمانەى خوارەوە دەگرێتەوە:

  • بەهێزکردنى پەیوەندیە دووقۆڵیەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
  • پەرەپێدانى پەیوەندیە دامەزراوەیى و بازرگانى و گەشت و گوزار.
  • سەرپەرشتى کردنى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە.
  • هەماهەنگى و پەیوەندى لەگەڵ نوێنەرایەتى دبلۆماسى ووڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان.
  • ڕێکخستنى سەردانى شاندە سیاسى و ئابوریەکان بۆ هەرێمى کوردستان.
  • هەماهەنگى و ڕێکخستنى پەیوەندیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى عێراق و باڵیۆزخانەکانى عێراق لە دەرەوە.
  • ئەنجامدان و پشتگیرى کردن لەو کاروچالاکیانەى کە ئامانجیان بەرزکردنەوەى پێگە و ناوى هەرێمى کوردستانە.
  • پەیوەندى کردن لەنێوان دامەزراوە فەرمیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
  • پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى یاسایى و پشت ڕاستکردنەوەى بەڵگەنامەکان بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و ڕەوەندى کوردستانى لە دەرەوە.

ئامانجە سەرەکیەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بریتین لە:

  • پەرەپێدان و پاراستنى بەرژەوەندیەکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و ڕەوەندى کوردستانى لە دەرەوە.
  • هاندان بۆ دروستکردنى پەیوەندیەکى بەرهەمدار لە ڕووى سیاسى و ئابورى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، و بەتایبەتى لەگەڵ ووڵاتانى دراوسێ، کە ئامانج لێى پەرەپێدانى بەرژەوەندیەکان لە ڕووى ئاشتى و سەقامگیرى و ئابورى.
  • پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى یاسایى و کاروبارى کونسوڵگەرى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هاوکارى و کارئاسانى پێشکەش بە وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات لە هەوڵەکانیان بۆ بنیات نانى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، هەروەها لە نزیکەوە کاردەکات لەگەڵ بازرگانان و خاوەنکار و نوێنەرانى کۆمەڵگاى مەدەنى و دامەزراوە ئەکادیمیەکان لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان.

فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بەپێى فەرمانى وەزارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە ١٤٣ کار و ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانى خۆى جێ بەجێ دەکات. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگاى ١٤ نوێنەرایەتى لە ووڵاتانى دەرەوە چالاکى پەیوەندیەکان لە سەرتاسەرى جیهان ئەنجام دەدات و دەکرێت لە ڕێگاى ئەم لینکە ناو و ناونیشانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە ببینرێت (https://dfr.gov.krd/p/p.aspx?p=40&l=12&s=020100&r=364):