ھەینی 20 ئایار 2022

پارێزگارى هەولێر و نوێنەرى حکومەتى هەرێم چاویانکەوت بە کۆنگرێسوومان هارتزلەر  



 لە ڕێکەوتى ٢٠/٥/٢٠٢٢، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویانکەوت بە کۆنگرێسوومان ڤیکى هارتزلەر ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر باسى لە هەڕەشە ئەمنیەکان کرد بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و هەروەها ئاماژەیکرد بە دۆخى مرۆیى ئەو ئاوارە و پەنابەرانەى نیشتەجێى شارى هەولێر. لە هەمانکاتدا سوپاسى کۆنگرێسوومان هارتزلەر یکرد بۆ پشتگیریەکانى بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان. هەولێر قوربانى هێرشى مووشەکە بالیستیەکانى ئێران و هەندێک لە گروپە میلیشیاکانى عێراقى بوو. هاوکات ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ئەوەى دووپاتکردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ ئاشتى لەنێوخۆى عێراق و ووڵاتانى دراوسێ و پابەندە بە سەروەریى خاکى عێراق. هەولێر پەناگەیەکى ئارام بووە بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەى لە دەست توندوتیژییەکان ڕایانکردووە.

ئەمریکا هاوپەشێکى گرنگى هەرێمى کوردستان و عێراقە لە شەڕى دژ بە داعش و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکانى کوردستان و هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە لە شەڕى دژ بە داعش لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە و بەردەوامە لە پاراستن و پشتگیرى عێراق لەڕێگاى دابینکردنى کەلوپەل و دارایى.

کۆنگرێسوومان هارتزلەر نوێنەرایەتى ناوچەى چوارى میزۆرى دەکات و لە ساڵى ١٩٩٤ بۆتە ئەندامى ئەنجومەنى گشتى وویلایەتى میزۆرى. هەروەها لە ساڵى ٢٠١٠ بۆتە ئەندامى کۆنگرێس و ئەندامى کۆمیتەکانى کاروبارى سەربازى و کۆمیتەى کشتوکاڵ.