پێنجشەممە 17 حوزەیران 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ عێراق  



ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ١٧/٦/٢٠٢١، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى وێبینار چاویکەوت بە سلڤیا کوران جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە وەکاڵەت بۆ کاروبارى عێراق کە کۆبوونەوەیەکى دۆستانە و بەرهەمردار بووو.

هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد لەسەر ژمارەیەک پرسى جیاواز لەنێوانیاندا هەڵبژادنەکانى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا عێراق و بوارەکانى بەرژەوەندى هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمى کوردستان.  هەردوولا جەختیانکردەوە لە پشتگیرى کردن لە هەڵبژاردنێکى شەفاف و ئازاد لە هەموو ناوچەکانى عێراق و گرنگى بەشدارى چاودێرانى نێودەوڵەتى.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەمریکاى کرد بۆ ئەو ڕۆڵى ڕاوێژکارییەى کە پێشکەشى وەزارەتى پێشمەرگەى دەکەن و دووپاتى پابەندبوونەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد لە جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکساززى.

سیلڤیا کوران مێژووییەکى درێژى کارى دیبلۆماسى لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هەیە و لە نێردەکانى ئەمریکا لە دەرەوە کاریکردووە لە ناوچەکانى کلوداد خوارێز لە مەکسیک، ئۆتاوا لە کەنەدا،پەکین لە چین، مۆسکۆ لە ڕووسیا، تەلئەبیب لە ئیسڕائیل. هەروەها بەرپرسى بەشى سیاسى و ئابورى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە تاشکەند لە ئۆزبەکستان، جێگرى باڵیۆز و هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانە لە ئەشقەبات لە تورکمانستان، کونسوڵى گشتى لە ڤلادیفۆستۆک لە ڕووسیا، بەرپرس و ڕاوێژکارى کاروبارى سیاسى لە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بە عێراق.