پێنجشەممە 23 تەمووز 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوى کەوت بە بەرپرسانى کۆشکى سپى و  وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا  



ڕۆژى چوارشەممە نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن چاوى کەوت بە  ئێریک ئۆلسن بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى ئەمریکا لە کۆشکى سپى کۆبوونەوە. هەردوولا لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان کرد دەربارەى زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى بەهێزى نێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا کە نەک تەنها لە بوارى ئاسایش بەڵکو هەموو بوارەکانى تر لە خۆبگرێت لەنێوانیاندا هەماهەنگى ئابورى و ئاڵوگۆڕى کەلتورى.

هەروەها لە دیدارێکى ترى جیادا بەشێوەى ئۆنڵاین، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەیان سامى عبدالرحمن چاوى کەوت بە لیزا پۆدۆلنى بەرپرسى تازەى بەشى ئابورى کونسوڵگەرى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان کە بەڕێزیان لە داهاتوویەکى نزیکدا لە هەولێر لە پۆستەکەى دەست بەکاردەبێت. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەى بەرنامە و پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و کەرتە نا نەوتیەکان بۆ گەشەسەندنى ئابورى. هەروەها وەبەرهێنان و هاوکاریەکانى ئەمریکا لەم بوارەدا.