ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى ٢٧/٩/٢٠٢٢، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لە نووسینگەى نوێنەرایەتى حکومەت لە واشنتۆن پێشوازیکرد لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دکتۆر ئارام محمد قادر و شاندێکى هاوڕێى کە پێکهاتبوون لە دکتۆر ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەت و دکتۆر هونەر عیسى نوێنەرى دامەزراوەى متمانەپێدانى خوێندن لە کوردستان.
شاندەکە بە سەردانێک لە ئەمریکایە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لە چوارچێوەى بەهێزکردنى دامەزراوەکانى خوێندن لە هەرێمى کوردستان لە ڕووى باشترکردنى ستانداردى دامەزراوە ئەکادیمیەکان و پێداچوونەوە بە پرۆسەى هەڵسەنگاندن و هێنانى باشترین ڕێگاکانى سیستەمى خوێندن بۆ هەرێمى کوردستان لە ڕێگاى دامەزراوەى کوردستان بۆ متمانەپێدانى خوێندن کە تازە دامەزراوە. ئامانج لەم پڕۆژەیە کە لە هەرێمى کوردستان وەک مۆدێلێک جێبەجێ بکرێت و دواى سەرکەوتنى پڕۆژەکە لە سەرتاسەرى عێراق جێبەجێ بکرێت.
بەرنامەى چاکسازیەکە بۆ زیاتر هاندان بۆ خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و چاکسازیە لە سیستەمى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان و پەرەپێدانى بەرنامەى خوێندن کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بازاڕى کار.
لەلاى خۆیەوە نوێنەرى حکومەتى هەرێم بەیان سامى عبدالرحمن وێڕاى پێشوازیکردنى گەرم لە وەزیرى خوێندنى باڵا و شاندى یاوەرى، دەستخۆشى لە هەوڵەکانیان کرد بۆ باشترکردنى بەرنامە و سیستەمى خوێندنى کە ئەم بەرنامەیەکى تەواوکارییە پێویستى بە پێداچوونەوە هەیە لە قۆناغى سەرەتایى تاوەکو دەگاتە ئاستى زانکۆ. هیواى خواست کە سوود وەربگیرێت لە توانا و ئەزموونى زانکۆ و کۆلێژەکانى ئەمریکا و دامەزراوەکانى خوێندنى ئەمریکا هاوکاربن لە ڕووى پشتگیرى تەکنیکى و ئەو پشتگیریانەى تر کە پێویستە لە بوارى چاکسازى خوێندن.
&source =DIT" class="btn btn-social-icon btn-linkedin" onclick="_gaq.push(['_trackEvent', 'btn-social-icon', 'click', 'btn-linkedin']);">