پێنجشەممە 29 ئەیلوول 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرکردەکان بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆژى جیهانى زمانى ئاماژە



لەم یادەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسان و چاڵاکوانانى نابیستان لە هەرێمى کوردستان و ئەمریکا پەیامێکى ڤیدیۆیى بە زمانى ئاماژەى کوردى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردەوە بەناوى (زمان کۆماندەکاتەوە). سەرکردەى چەندین ووڵات بەشداربوون لەم چاڵێنجەدا لەنێوانیاندا نەمسا، نەرویج، بەلجیکا، هایتى، نامیبیا، ئیسپانیا، ئێرلەندا، ئۆکرانیا، و ئیتالیا.

ئەو چاڵاکوانە کوردانە کە بەشداربوون لەنێوانیاندا هەواڵ محمد عبداللە کە خەڵکى شارى کۆیە و ئێستا قوتابیە لە پەیمانگاى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى گالودێت و لەگەڵ چەندین چاڵاکوانى ترى نابیستان لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک. ئەم چاڵاکوانانە مانگانە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافە لەپێشینەکانى نابیستان لە هەرێم.

ڕۆژى جیهانى زمانى ئاماژە لەساڵى ٢٠١٧ نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیارى ژمارە (A/RES/72/161) بڕیارى لەسەرداوە کە ڕۆژى ٢٣ى ئەیلول ى هەموو ساڵێکى وەک ڕۆژى جیهانى زمانى ئاماژە دەستنیشانکردووە.

فیدراسیۆنى جیهانى نابیستان کۆنترین ڕێکخراوى نێودەوڵەتی تایبەت بە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتە کە لەسەرتاسەرى جیهان کاردەکات بۆ مافەکانى نابیستان بۆ لابردنى ئەو بەربەستانەى کە دێتە بەردەمیان بۆ ئەوەى مافى تەواویان هەبێت لە ڕووى یەکسانى مافى مرۆڤ و بەشداریکردن لەو بڕیارانەى کە کاریگەرى لەسەر ژیانى ئەواندا هەیە. فیدراسیۆنى جیهانى نابیستان لە ساڵى ١٩٥١ لە ڕۆماى پایتەختى ئیتالیا دامەزراوە.