ھەینی 14 ئاب 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وێبینارێکدا جەختى لە بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە  



ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ١٠ى ئاب ٢٠٢٠ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشدارى کرد لە وێبینارێک کە لەلایەن پەیمانگاى کوردى لە واشنتۆن دەربارەى ١٠٠ ساڵەى ڕێکەوتنامەى سیڤەر ئەنجامدرا بوو.

فیلیپ کۆوالسکى توێژەر و ڵێکۆلەر لە دامەزراوەى بەرگرى لە دیموکراسى وێبینارەکەى بەڕێوەدەبرد لەژێر ناونیشانى (کوردەکان: یەک سەدە دواى پەیماننامەى سیڤەر). هەروەها خاتوو جینا لینۆکس هاوسەرۆکى لۆبى کوردى لە ئوسترالیا بەشداربوو.

ڕۆژى ١٠ى ئاب ڕۆژى ١٠٠ ساڵەى تێپەڕبوون بەسەر پەیماننامەى سیڤەرە لەنێوان پاشماوەکانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى و هێزەکانى هاوپەیمانان. بەپێى پەیماننامەکە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى هەڵوەشایەوە و قەوارەیەک بۆ کوردستان دەست نیشان کرا لەگەڵ بژاردەى ئەوەى دواى ساڵێک ببێت بە دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەشدا پەیماننامەى سیڤەر بەهیچ شێوەیەک جێ بەجێ نەکرا و دواى ساڵێک ڕێکەوتننامەى لۆزان شوێنى گرتەوە و کوردەکانى بەبێ دەوڵەت هێشتەوە.

بەیان سامى عبدالرحمن گووتى لەو سەردەمەدا دواى جەنگى جیهانى یەکەم لە کاتى گفتوگۆکاندا گوێ لە دەنگى کوردەکان نەگیرا لەوانەیە بەشێکى بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە کە بزوتنەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد لە گەشەسەندن دابوو. دواتر ئاماژەى بەو بەرەوپێشچوونانە کرد کە گەلى کورد بەخۆیەوە بینیووە لە ڕووى دیبلۆماسى و لۆبیکردن، ڕۆڵى کورد لە پەرلەمان و حکومڕانى لە عێراق و تورکیا، هەروەها ڕۆڵى ڕەوەندى کوردستانى لە دەرەوە بەتایبەتى لە کاتى ئێستادا لە سەردەمى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، هەروەها گووتى پێویستە کورد سوود لە ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەربگرێت. نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە گرنگى یەکڕیزى گەلى کورد کرد کە زۆر گرنگە بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانى هەر یەکێک لە پارچەکانى کوردستان و پێویستە ئێمە زیاتر بنیات بنێین لەسەر ئەو دەسکەوتانە.

خاتوو جینا لینۆکس تیشکى خستە سەر ئاستەنگە سیاسیەکانى کۆمەڵگاى کوردى و بزوتنەوە کوردیە نیشتیمانپەروەرەکان لە دواى دابەشبونى کوردستان. گووتى سەدەیەک لە خەباتى چەکدارى بووە هۆى ئەوەى کە کوردەکان زیاتر لە ڕووى سیاسیەوە ڕێکخراوبن و پێویستە هەماهەنگى زیاتر هەبێت لەنێوان پارتە سیاسیە کوردییەکان بۆ ئەوەى لەسەر ئامانجى دیاریکراو و ئەو پرسانەى بەرژەوەندى هاوبەشن بەیەکەوە کاربکەن.

پەیمانگاى کوردى لە واشنتۆن دامەزراوەیەکى توێژێنەوە و پەروەردیە کە لە ساڵى ١٩٩٦ دامەزراوە.

بۆ بینینى وێبینارەکە تکایە لێرە کلیک بکەن.