دووشەممە 31 ئاب 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ کۆنگرێسوومان دێب هاڵاند  



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لە ڕێگاى پەیوەندى تەلەفۆنى گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ کۆنگرێسوومان دێب هاڵاند ئەندامى کۆمەڵەتى دۆستایەتى کوردستان لە کۆنگرێسى ئەمریکا و ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیوەندییەکەدا پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لە ڕووى ئاسایش و سیاسى و مرۆیى. لە بابەتى پەیوەندییە دوو قۆڵیەکاندا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کورستان ئاماژە بە گفتوگۆکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا عێراق کرد کە لە ١٩ى ئاب ئەنجامدرا کە تەوەرەکانى جەختکردنەوە بوو لەسەر زیاتر پتەوکردن و قووڵکردنەوەى پەیوەندییەکان لە ڕووى ئابورى و ووزە و سیاسى و ئاسایش و کەلتورى و مرۆیى. کۆبوونەوەکانى دیالۆگى ستراتیژى لەژێر ڕۆشنایى ڕێکەوتنامەى ستراتیژى ساڵى ٢٠٠٨ ئەنجامدرا.

لە تەوەرێکى ترى گفتوگۆکەدا هەردوولا تاوتوێى بارودۆخى ئاسایشى ناوچەکەیان کرد بەتایبەتى نیگەرانیەکان دەربارەى چالاکیەکانى داعش. نوێنەرى حکومەتى هەرێم بەیان سامى عبدالرحمن جەختى کردەوە لەسەر پێویستى بەردەوامى پشتگیریەکانى کۆنگرێس بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و هاوکات سوپاسى پشتگیریەکانى کۆنگرێسوومان هالاند ى کرد کە لە ڕابردوودا پێشکەشى کردووە.