شەممە 20 حوزەیران 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا پیرۆزبایى لە کونسوڵى گشتى تازەى ئەمریکا دەکات



خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پیرۆزبایى لە بەڕێز ڕۆبەرت واڵەر بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کرد بەبۆنەى دەست نیشانکردنى وەک کونسوڵى گشتى تازەى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان.

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەڕێز ڕۆبەرت واڵەر ى کرد بۆ ئەو پەیوەندى و هەماهەنگیەى کە هەبووە لەنێوان هەردوولادا و هاوکات هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکە نوێکەیدا. لەم هەفتەیەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگاى پەیوەندى تەلەفۆنى گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ بەڕێز واڵەر کە باسیان لە ئاڵنگاریەکانى بەردەم هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئابورى و تەندروستى گشتى کرد و هەروەها پاڵپشتیەکانى هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ سەرۆک وەزیرانى نوێى عێراق بەڕێز مستەفا ئەلکازمى.

چاوەڕوان دەکرێت بەڕێز ڕۆبەرت واڵەر لە ماوەى چەند هەفتەى داهاتوودا دەست بەکاربێت لە پۆستەکەیدا کە شوێنى بەڕێز ستیڤ فەیگن دەگرێتەوە کە ئێستا کونسوڵى گشتى یە. بەڕێز واڵەر پێشووتر لە نێردەەى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە جنێڤ کاریکردووە و لە ساڵى ٢٠١٨ ەوە بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق بووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و چەندین جار دیدارو کۆبوونەوەى هەبووە لەگەڵ شاند و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و عێراق.