چوارشەممە 29 ئەیلوول 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەندامانى کۆنگرێس تاوتوێى هەڵبژاردنەکانى عێراقیان کرد  



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لەم هەفتەیەدا بەشێوەی وێبینار ژمارەیەک کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و لەنێوانیاندا بابەتى هەڵبژاردنەکانى مانگى ئۆکتۆبەرى داهاتوو.

لە دوایین زنجیرە کۆبوونەوەیدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەى وێبینار و بە جیا چاویکەوت بە هەریەک لە کۆنگرێسمان جۆدى هایس (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى چاودیرى کۆنگرێس، کۆنگرێسمان مایک گارسیا (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى دابینکردن، کۆنگرێسمان دەیڤید ڤالادۆ (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى دابینکردن، کۆنگرێسمان ترۆى باڵدێرسن (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى گواستنەوە و ژێرخان.

لە تەواوى ئەم کۆبوونەوە دووقۆڵیانەدا بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ئاڵنگاریە ئەمنیەکان و هەڵبژاردنەکانى عێراق لە مانگى ئۆکتۆبەرى داهاتوو ئەنجام دەدرێت و  پێویستى بەشدارى سەرکەوتوانەى هاوڵاتیان. لە تەوەرێکى ترى دیدارەکاندا جەختکرایەوە لە پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و پەیوەندى لە مێژینەى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و هەروەها بەشدارى ڕۆڵى گرنگى چاودێرانى نێودەوڵەتى لە پرۆسەى هەڵبژاردنەکان.

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا مێژووییەکى بەهێزى هەیە لە پەیوەندى لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس و سینات و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەندامانى کۆنگرێس و سینات دەکات بۆ پشتگیریەکانیان بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق.

وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا گەورەترین ووڵاتى کۆمەکبەخشە کە یارمەتى عێراق دەدات و هاوکارى هەرێمى کوردستان و هەروەها پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە لە ڕووى دارایى و مەشق و ڕاهێنان.