سێشەممە 27 ئەیلوول 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە مەراسیمى واژووکردنى یاداشتنامەى لێک تێگەیشتن نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و پێنتاگۆن کرد



مەراسیمەکە لە هەولێر لەژێر چاودێرى سەرۆک نێچێرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا کە تیایدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە و سلێستە والاندەر یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى بەنوێنەرایەتى هەردوولا یاداشتنامەکەیان واژووکرد. دواتر لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ووتەیەکیان پێشکەش کرد کە پێشوازیکردنبوو لە واژووکردنى یاداشتنامەکە کە نیشانەى هەماهەنگى و پەیوەندى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و پابەندبوونى هەردوولایە بۆ لەناوبردنى داعش.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى و جێگرى سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانى ئامادەى مەراسیمەکەبوون کە جەختکردنەوە بوو لە پابەندبوونەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا لەچوارچێوەى بەرنامەى چاکسازى هێزى پێشمەرگە و دەستورى عێراق.

بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گووتى (نوێکردنەوەى یاداشتنامەکە گرنگە بۆ هەردوولا و پەیامێکى ڕوونە کە ئەو هاوبەشێتیەى کە هەیە بەردەوام دەبێت و بە بەهێزى دەمێنێتەوە. ئێمە سوپاسى وەزارەتى بەرگرى و ئیدارەى ئەمریکى و کۆنگرێس دەکەین بۆ پشتگیریان لەم یاداشتنامەیە و هێزەکانى پێشمەرگە بە شێوەیەکى گشتى).