یەکشەممە 31 ئایار 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە  پەرەپێدانى پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمریکا



 

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و لەگەڵ ستافى نوێنەرایەتى بەردەوامن لە پەرەپێدان و زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆنگرێسى ئەمریکا لە ڕێگاى پەیوەندى تەلەفۆنى و کۆبوونەوە بەشێوەى ئۆنڵاین، دواى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕێنماییە تەندروستیەکان جەخت دەکەنەوە لە دوورەپارێزى کۆمەڵایەتى.

لە ماوەى چەند هەفتەى ڕابردوودا خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ بەڕێزان کۆنگرێسمان  فرانسیس ڕوونى هاوسەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى کوردستان لە کۆنگرێسى ئەمریکا و کۆنگرێسمان جاک بێرگمان ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان و کۆنگرێسمان مایک گۆڵهاگەر ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان و کۆنگرێسمان ئەلبیۆ سایریس ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە و هەروەها ژمارەیەک لە ستافى ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمریکا.

 لە تەواوى گفتوگۆ و پەیوەندیەکاندا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان پوختەیەکى خستەڕوو دەربارەى دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە ڕووى بارودۆخى مرۆیى و بڵاوبوونەوەى پەتایى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کاریگەریەکانى لەسەر باروۆدخى تەندروستى و ئابورى هەرێمى کوردستان. لە تەوەرێکى تردا تیشک خرایە سەر پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى عێراقى کە بە شێوەیەکى سەرکەوتوو بە سەرۆکایەتى مستەفا کازمى پێکهێنرا، بەشێکى تر دەربارەى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخى ئەمنى بوو بەهۆى هێرشەکانى ئەم دواییانەى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش.

لە کۆتایی تەواوى پەیوەندى و گفتوگۆکاندا، خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئەندامانى کۆنگرێس و ستافەکانیانى کرد بۆ  پشتگیریەکانیان بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە و داواییکرد کە ئەو پشتگیریانە بەردەوامى پێبدرێت.