دووشەممە 17 شوبات 2020

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا یەکەمین ئەڵقەى پۆدکاستى (کوردستان لە ئەمریکا) ى بڵاوکردەوە



نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن بە ئامانجى بڵاوکردنەوەى زانیاری دەوڵەمەند لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا پۆدکاستێکى نوێى بڵاوکردەوە کە ئەمەش یەکەمین جارە پۆدکاستێکى فەرمى لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاوبکرێتەوە. پۆدکاستەکە لەژێر ناونیشانى (کوردستان لە ئەمریکا) کە هەموو مانگێک جارێک ئەڵقەیەکى لێ بڵاودەکرێتەوە. لە هەموو ئەڵقەیەکدا سەرەتا بە پوختەى دوایین هەواڵەکانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دەست پێدەکات و دواتر چاوپێکەوتن دەبێت لەگەڵ کەسایەتیەک کە شارەزا و ئەزموونى هەیە و کاریان کردووە لەسەر بابەتەکانى پەیوەندار بەنێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

یەکەمین ئەڵقەى پۆدکاستەکە بە چاوپێکەوتن بوو لەگەڵ خاتوو ئەلکەیال ڕێکخەرى پێشانگاى (قسەکردن لە ڕێگاى چیاکانەوە: دیالۆگى هونەرمەندانى کورد) کە ئێستا ئەو پێشانگایە کراوەیە لە پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە واشنتۆن. ئەم پۆدکاستە ئێستا بەردەستە بۆ گوێگرتن لە ڕێگاى ماڵپەڕەکانى (http://bit.ly/KiApodcast) و هەروها لە بەرنامەکانى سپۆتیفاى و ستیچەر و لە داهاتوویەکى نزیکدا بەرنامەى پۆدکاستى ئەپڵ بەردەست دەبێت.

ئەگەر بەڕێزتان یاخود کەسێک دەناسن کە حەزدەکات بەشداربێت لەم بەرنامەیە تکایە لە ڕێگاى ئەم ئیمەیڵەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن (kurdistan.in.america@gmail.com ).