سێشەممە 13 تەمووز 2021

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا لە ڕەوەندى کوردستانى لە کەنەدا دەکات هاوکاربن لە پڕۆژەى دیراسات و ڵێکۆڵینەوەى ئەندامانى پەرلەمانى کەنەدا



تۆم کمیچ ئەندامى پەرلەمانى کەنەدا دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کوردانى دانیشتووى ووڵاتى کەنەدا و پشتگیرى بۆ پڕۆژەکە دابینکردووە کە ئامانج لێى کۆکردنەوەى زانیاریە دەربارەى دابەشبوونى دیمۆگرافى ڕەوەندى کوردستانى لە کەنەدا.

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کە خزمەتگوزارى پێشکەش بە تەواوى ڕەوەندى کوردستانى دەکات لە باکورى ئەمریکا پێشوازى لەم دەستپێشخەرییە دەکات و هانى هەموو ڕەوەندى کوردستانى دانیشتووى ووڵاتى کەنەدا دەکات کە بەشداربن لەم پڕۆژەیەدا. ئامانج لەم پڕۆژەیە بیناکردنى پەیوەندییەکى بەهێزە لەنێوان حکومەتى کەنەدا و ڕەوەندى کوردستانى و زانینى ڕێژەى دانیشتوانى کورد لە سەرتاسەرى کەنەدا. ئەندامانى پەرلەمانى کەنەدى کە ئەم دەستپێشخەرییەیان ڕاگەیاندووە پەیوەندى دەکەن بە کوردانى دانیشتووى کەنەدا بەمەش حکومەتى کەنەدا لە ڕێگاى ئەم پڕۆژەیەوە تێگەیشتن و پەیوەندى باشترى دەبێت لەگەڵ تەواوى کۆمەڵگاى کوردستانى. هەروەها زانینى دابەشبوونى دیمۆگرافى ڕەوەندى کوردستانى لە شار و ناوچەکانى کەنەدا وا دەکات کە باشتر دەستنیشانى پێداویستى و داوکارییەکانى کوردانى کەنەدا بکەن.

یەکێک لە نموونەکانى کە ئەم پڕۆژەیە چۆن سوود دەگەیەنێت بە کۆمەڵگاى کوردى ئەوەیە کە لە یاد و بۆنە سەرەکیەکانى پەیوەندار بە کورد حکومەتى کەنەدا پەیام و پەیوەندى هەبێت بۆ ڕەوەندى کوردستانى بۆ نموونە لە یادەکانى وەک جەژنى نەورۆز و هەڵەبجە و یادەکانى جینۆساید و جینۆسایدى ئێزیدیەکان.

خاتوو ئاشتى وەیسى ڕاوێژکارى پڕۆژەکە و یاریدەدەرى ئەندامى پەرلەمانتارانى کەنەدا و بەڕێوەبەرى پڕۆژەکەیە کە دەبێت لە ٣١/٨/٢٠٢١ تەواوبێت. ئەگەر بەڕێزتان کوردى دانیشتووى کەنەدان و حەزدەکەن هاوکارى خاتوو ئاشتى وەیسى بکەن لە پڕۆژەکەدا دەتوانن لە ڕێگاى ئەم ئیمەیلەوە پەیوەندى بکەن (ashti.waissi.711@parl.gc.ca.).