چوارشەممە 16 ئازار 2022

ساڵیادى کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید بەرزڕاگیرا لە واشنتۆن  



ساڵیادى کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید بەرزڕاگیرا لە واشنتۆن

لە ڕێکەوتى ١٦/٣/٢٠٢٢ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بە ئامادەبوونى جێنیفەر گاڤیتۆ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین و ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجەى شەهید هەڵسا بە بەرزڕاگرتنى یادى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەى شەهید. ئەم مەراسیمە بەشێوەى ئۆنڵاین ئەنجامدرا بۆ یادى ٣٤ هەمین ساڵیادى جینۆسایدى هەڵەبجەى شەهید کە لە ١٦ى ئادار زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و زیاتر لە دە هەزار کەس برینداربوون.

ووتارى سەرەکى مەراسیمەکە لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجەى شەهید پێشکەش کرا کە باسى ئازار و نەهامەتیەکان و خۆڕاگرى خەڵکى هەڵەبجەى شەهید کرد. هاوکات داواى لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و دۆستان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد کە کارى زیاتربکەن بۆ هاوکاریکردنى پارێزگاى هەڵەبجە.

جێنفەر گاڤیتۆ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى عێراق و ئێران گووتى کە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هاوکارى کۆمەڵگا جیاوازەکان دەکات و دەڕوانێتە دۆزێنەوەى ڕێگاکانى پشتگیرى کردن و یارمەتیدانى قوربانیان و ڕزگاربووانى کۆمەڵکوژى هەڵەبجەى شەهید. ئێمە پێویستە جگە لە لێپرسینەوە و بوژانەوە کاربکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى تاوانى لەمشێوەیە. وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستانى عێراق پەیوەندییەکى تایبەت و پتەویان هەیە.

لەلاى خۆیەوە سیناتۆر کریس ڤان هۆلین باسى دیدارەکانى خۆیکرد کە لە ساڵى ١٩٨٨ لە تورکیا چاویکەوتووە بە پەنابەرە کوردەکان کە لەدەست جینۆسایدا ڕایانکردبوو. ئەم چاوپێکەوتنانەى بووە هۆى ئەوە کە دواتر ڕاپۆرت بدرێت بە ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا (سینات) و دەرچوونى یاسایى ڕێگریکردن لە جینۆساید لە ساڵى ١٩٨٨ و هەروەها بڕیارى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا بۆ سزادانى عێراق لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر کوردەکان بە چەکى کیمیاوى.

هەر لەم مەراسیمى یادکردنەوەیە دوارت پانێڵێکى گفتوگۆکردن هەبوو کە بەڕێوەدەبردرا لەلایەن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانبەیان سامى عبالرحمن، نوێنەرى حکومەتى لەگەڵ سایمۆن مینکس پارێزەرى نێودەوڵەتى لە بوارى تاوانەکان کە لە هۆڵەندا دادەنیشێت و گاڤریڵ مایرۆنى پارێزەرى ئەمریکى لە بوارى مافى مرۆڤو یاساى مەدەنى. لە پانێلەکەدا باس لەو ئاڵنگاریانە کرا کە لەبەردەم لێپێچینەوەى تاوانباران و ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە تاوانى جینۆساید و هێنانەدى دادپەرورەى.

ئەم مەراسیمە ڕاستەخۆ لەلایەن کەناڵى کوردستان ٢٤ بەشێوەى ڕاستەوخۆ دەگوازرایەو، لەگەڵ فیلمێکى دۆکیومێنتارى (منداڵە وونبووەکانى هەڵەبجە).