بەرنامەى چاکسازى ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان
حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى بەهێز وەڵامى ئەو قەیرانە ئابوریەى دایەوە کە لە دواى ساڵى ٢٠١٤ ەوە ڕوویدا ئەمەش بەهۆى ئەو چوار قەیرانە بوو کە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووى حکومەتى هەرێم بوویەوە ئەوانیش بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە، شەڕ دژى گروپى تیرۆریستى داعش و هاتنى ئاوارە ناوخۆییەکانى عێراق و پەنابەرانى سورى و دابەزینێکى بەرچاوى نرخى نەوت لە بازاڕە جیهانیەکان. حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر ئەوەى کە حکومەتێکى خۆجێى بوو ڕێگاکانى دەسکەوتنى سەرچاوەى دارایى دەرەکى زۆر سنورداربوو لەبەردەمى و ئەو ڕێگایانەى لەبەردەم دانەبوو کە دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى هەیەتى. حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى ئەو قەیرانانە لە ڕێگاى ئەو ئامرازانەى کە لەبەردەستى بوو هەوڵیدا کاریگەرى قەیرانەکان کەم بکاتەوە: بەشێوەیەکى سەرەکى دەستى کرد بە سیاسەتى دەست پێوەگرتن (تەقەشوف) واتە کەمکردنەوەى خەرجیەکانى و هەروەها چاکسازى کارگێڕى.
حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتى ئێستادا سەرقاڵى جێ بەجێ کردنى بەرنامەى چاکسازیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانانە و دروستکردنى ئابوریەکى گەشەسەندو لە داهاتوودا. ڕێکارەکانى بەپەلەى دەست پێوەگرتن (تەقەشوف) و هەناردەکردنى ڕاستەوخۆى نەوت بۆ دەرەوە بووە هۆى کە حکومەت بتوانێت باڵانسى پارەى نەختینەى باشتربێت، هاوکات چاکسازى کارگێڕى دەسپێکێک بوو بۆ چارەسەرکردنى گرفتە درێژخایەنەکان ئەویش لە ڕێگاى گۆڕانکارى لە کەرتى گشتى و هەوڵدان بۆ هەمەجۆرکردنى سەرچاوەکانى ئابورى.
بەرنامە لە پێشینەکانى چاکسازى کارگێڕى:
بە هەماهەنگى لەگەڵ بانکى نێودەوڵەتى، حکومەتى هەرێمى کوردستان نەخشە ڕێگایەکى گشتگیرى بۆ چاکسازى کارگێڕى دەستەبەرکرد لە هەرێمى کوردستان، لەچوارچێوەى بەرنامەى چاکسازیەکەدا حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لەم بوارانەى خوارەوەدا کردەوە وەک بەرنامەى لە پێشینە:
بەمۆدێرنکردنى دامەزراوەى وەزارەتى دارایى و ئابورى: ئەم بەرنامەیە پێنج بوارى سەرەکى لەخۆدەگرێت: دارایى گشتى، گومرگ، باج، بەڕێوەبردنى دارایى حکومەت، بە ئەلیکترۆنى کردنى ژێرخان و خزمەتگوزاریەکان.
تۆمارى بایۆمەترى: یەکێک لە ئامانجە درێژخایەنەکانى بەرنامەى چاکسازى حکومەتى هەرێم زانینى قەبارەى دروستى کارمەندان و مووچەخۆرانە، بۆیە تۆمارى بایۆمەترى یەکەم هەنگاوە بۆ جێ بەجێ کردنى و دەرگا بە ڕووى ئەو پرسیارە ئاڵۆزەدا دەکاتەوە کە بۆچى و لەبەرچى ئەمە بکرێت بەتایبەتى ئەو چاکسازیانەى کە لەبەرنامەدایە لە بوارى خزمەتى مەدەنى بکرێت. لە دەرەنجامدا حکومەتى هەرێم سیستەمێکى دەبێت بۆ چاکسازى لە بوارى مووچەخۆران و هەروەها دەست نیشانکردنى کێشەى دوو مووچەیى و چارەسەرکردنى ئەم بابەتانەى کە ڕێگەیان پێ نەدراوە. هەروەها دەتوانێت مووچەخۆرى بن دیوار بدۆزێتەوە. ئەم هەنگاوەش لە کۆتاییدا دەبێتە سیستەمێکى ئەلیکترۆنى لیستى مووچەخۆران و هەروەها پێدانى مووچە بەشێوەى ئەلیکترۆنى کە زیاتر دەبێتە هۆى باشترکردنى ئەداى جێ بەجێ کردن و شەفافیەت، ئەمانە هەمووى بەشێکن لە ئامانجەکانى بە ئەلیکترۆنى کردنى خزمەتگوزاریەکانى حکومەت لە کوردستان.
چاکسازى لە کەرتى کارەبادا: حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێشخەرى کردووە لە چاکسازى لە کەرتى کارەبا بۆ چارەسەکردنى گرفتەکانى وەک ناهاوسەنگى لە خەرجى و تێچووەکان و هەروەها لاوازى ئیدارەکردنى ئەو کەرتە و ئەمەش بۆتە هۆى بە هەدەردانى پارەیەکى زۆر و هەروەها پێشکەش کردنى خزمەتگوزاریەکى کوالیتى نزم بە هاوڵاتیان، ئەمەش سەرەڕاى دابینکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاوڵاتیان و زیادبوونى ڕێژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لەلایەن کەرتى تایبەت. بۆ ئەم مەبەستە حکومەتى هەرێمى کوردستان ستراتیژیەتێکى دوولایەنەى هەیە کە یەکەمیان ئامانجى سەرەکى کەمکردنەوەى خەرجى و تێچووەکان و بەرەوپێش بردنى سەقامگیرى ئەو کەرتە، دووەمیان دانانى پلانى مامناوەند لە بوارى چاکسازى لە کەرتى کارەبا بە هەماهەنگى لەگەڵ بانکى نێودەوڵەتى.
لە سەرەتای ساڵى ٢٠١٥ ەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند هەنگاوێکى گرنگى ئەنجامداوە بۆ کەمکردنەوەى خەرجیەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لەوانە: (١) زیاتر بەرهەمهێنانى کارەبا لە ڕێگاى گازى سروشتى لەجیاتى گاز. (٢) بەکارهێنانى ئەو تەکنەلۆژیانەى کە کەمتر ووزە سەرف دەکەن و (٣) بەشێوەیەکى ئارەزوومەندانە دووبارە گفتوگۆبکرێت لەگەڵ بەرهەمهێنەرانى کارەبا لە کەرتى تایبەت سەبارەت کەمى بڕى وەرگرتن یاخود پێدانى سزا لەکاتى بەرهەمهێنانى کارەباى زیاد لە تواناکانى پێویست. جێ بەجێ کردنى ئەم بەرنامەیە بووە هۆى ئەوەى تێچووى ساڵانەى کەرتى کارەبا بە بەڕى ١,٥ یەک ملیار و نیو دۆلارى کەمبکرێتەوە.
شەفافیەتى حکومەت و بەشدارى هاوڵاتیان: حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوە دەزانێت کە بەرەوپێش بردنى شەفافیەتى حکومەت و بەشدارى هاوڵاتیان کلیلى سەرەکین بۆ بیناکردن و بەردەوامى پشتگیرى هاوڵاتیان بۆ بەرنامەکانى حکومەت. حکومڕانى هەرگیز پێشبڕکى نیە لەسەر بەناوبانگ بوون، ئەمە بەتایبەتى تر ڕاستە لە کاتى بوونى قەیرانەکان. بەدەست هێنانى پشتگیرى زۆرینەى هاوڵاتیان پێویستە لە ڕێگاى ئەو کارانە بێتە دەست کە دەبێتە هۆى بەهێزکردن و هاندانى زیاترى بەشداربوون. حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ بەشدارى زیاترى هاوڵاتیان و زیادکردنى هەوڵەکانى پەیوەندى کردن بە هاوڵاتیانەوە. خاڵى دەسپێکى سەرەکى ووردبینى کردن لە داهات و هەناردە و بەرهەمهێنانى نەوت و گازى هەرێمى کوردستانە لە ڕێگاى کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان. بۆ ئەم مەبەستە گرێبەست واژووکراوە لەگەڵ کۆمپانیاى نێودەوڵەتى لە بوارى ووردبینى دارایى و کارەکان لە جێ بەجێ کردندایە. ووردبینى دەکرێت لە هەناردەکردنى نەوت بۆ دەرەوە و کارەکانى کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان کە بەشدارن (بۆ نموونە، فرۆشتنى بەرهەمەکانى نەوت لە ناوخۆدا و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان). بە ئامانجى بەشدارى هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەى هۆشیارى گشتى، دەستەیەک لە نوێنەرانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى دادەمەزرێت بۆ ئەوەى بەدواداچوون بۆ پرۆسەکانى ووردبینى کردن و بڵاوکردنەوەى زانیاریەکان بکەن.
ستراتیژى پاراستنى کۆمەڵایەتى: چاکسازى لە بوارى سیستەمى پاراستنى کۆمەڵایەتى بۆ بەدەست هێنانى ئامانجە ستراتیژیەکانى حکومەت بۆ ساڵى ٢٠٢٠ کە (هاوڵاتى لە پێش هەموو شتێکەوەیە). پلانەکە ئەمانە لە خۆدەگرێت: (١) بەهێزکردنى بازاڕى کار لەگەڵ زیاترکردنى دەرفەتى کار لەلایەن کەرتى تایبەتەوە. (٢) فراوانکردنى بیمەى خانەنشینى کۆمەڵایەتى کە کرێکارانى کەرتى تایبەتیش بگرێتەوە لەگەڵ دروستکردنى بیمەى بێکارى و (٣) باشترکردنى تۆڕى چاودێرى کۆمەڵایەتى و هەژارى بە تەنها پێوەر دابنرێت بۆ سوود وەرگرتن لەم بەرنامەیە.