سێشەممە 9 ئاب 2022

شاندى پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکى باسیان لە هەڕەشەکانى داعش و بەرنامەى چاکسازى پێشمەرگە کرد



شاندێکى پێشمەرگە و ئاسایش بە سەرۆکایەتى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە کۆتاییان بە سەردانە یەک هەفتەییەکەیان هێنا بۆ ئەمریکا کە لەو ماوەیەدا چاویانکەوت بە بەرپرسانى ئەمریکى و جەختیانکردەوە لە بەهێزکردنى هاوبەشێتى ستراتیژى نێوان ئەمریکا و کوردستان. شاندەکە پێکهاتبوو لە نوێنەرایەتى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان  و ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان. لە ماوەى مانەوەیاندا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، بەیان سامى عبدالرحمن یاوەرى شاندەکەى دەکرد  و بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکان لە ١ تاوەکو ٥ ئاب ی ٢٠٢٢خایاند .

لە کۆبوونەوەکاندا وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل سوپاسى حکومەتى ئەمریکا کۆنگرێسى کرد بۆ  پشتگیرى کردن لە هێزەکانى پێشمەرگە لە شەڕى دژ بە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و هاوکات جەختیکردەوە لەسەر بەرنامەى چاکسازى هێزەکانى پێشمەرگە. لە زۆربەى کۆبوونەوەکاندا، لایەنى ئەمریکى ستایشى ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەیان کرد بۆ ئازایەتى و خۆڕاگری بەردەوامیان دژى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش و هاوکات پشتگیرى خۆیان دەربڕى بۆ کوردستانێکى سەقامگیر لە عێراق.

شاندەکە لەلایەن دەینا سترۆل جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە وەراەتى بەرگرى پێشوازیانلێکرا. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەى پێگەى داعش کە لە ناوچە جێناکۆکەکان چاڵاکى ئەنجام دەدات و هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقى لە هەولى بەردەوامدایە بۆ بەرگریکردن لە خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى. هەروەها گفتوگۆکرا لەسەر ئەو هاوکاریانەى کە ئەمریکا پێشکەشى دەکات و ئەو پێشکەوتنانەى کە بەدیهاتوون لە بەرنامەى چاکسازى پێشمەرگە لە وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە.

وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل و شاندى یاوەرى چاویانکەوت بە برێت مەکگۆرک ڕێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا، و جێنیفەر گاڤیتۆ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئێران و عیراق، و دۆگلاس هۆیت، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا (بە وەکالەت) بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەناوبردنى داعش لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا. لە کۆبوونەوەیەکى دۆستانەدا بەشێوەى فراوان گفتوگۆکرا لەسەر بەرەوپێشچوونەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئاساسش و سیاسى و ئابورى. هەردوولا جەختیانکردووە لە پابەندوون بە هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و کوردستان بۆ لەنابردنى داعش.

شاندەکە لە کۆبوونەوەکانیاندا سوپاسى کۆنگرێس ئەمریکى کرد، شاندەکە کۆبوونەوەیان هەبوو لەگەڵ سیناتۆر مارشا بلاکبێرن (نوێنەرى وویلایەتى تێنیسى) و جاکى ڕۆسین (نوێنەرى وویلایەتى نێڤادا) ئەندامدانى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکداروەکان، هەروەها لەگەڵ ڕاوێژکارانى کۆمیتەکانى کۆنگرێس. وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل باسى لەو ئاڵنگارییانە کرد کە لە ڕووى ئاسایشەوە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێتەوە، و پێویستى بە بەردەوامى پشتگیرییەکانى ئەمریکا بۆ هێزى پێشمەرگە لەگەڵ گۆڕانى هەڕەشەکان. سوپاسى کۆنگرێس و حکومەت و گەلى ئەمریکاى کرد بۆ پشتگیریان بۆ هەرێمى کوردستان.

سیناتۆر ڕۆسین گووتى (سوپاس بۆ بەرگریتان لە دەنگە جیاوازەکان. تیرۆر تەنها لە ناوچەکەى ئێوە ناوەستێت بەڵکو دەڕوات بۆ ناوچەکانى تر و لەسەرتاسەرى جیهان قەبارەى خۆى فراوان دەکات. ئێمە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون کە ئەوەى پێویستە بەدەستتان بگات بۆ پاراستنى دەنگە جیاوازەکان و دابینکردنى پشتگیرى پێویست بۆ ئێوە بۆ کۆتایهێنان بە خەلافەتى داعش و هەڕەشەى تیرۆر).

سیناتۆر بلاکبێرن گووتى ( سوپاس بۆ میوانداریکردن و پاراستنى پێکهاتە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان).

وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل و شاندى یاوەرى لە سەردانێکدا بۆ پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى پوختەیەکیان پێشکەش بە لێکۆڵەران و شیکەرەوان کرد لەسەر لە دۆخى سەربازى ناوچەکە بە گشتىى. هەروەها لە سەردانەکەدا چاویانکەت بە سەرهەنگ حەمە سەعید بەڕێوەبەرى بەرنامەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى کە باس لە پرسەکانى پەیوەندار بە ئاوارە ناوخۆیى و پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێمى کوردستان و کاریگەرییەکانیان کرا.

هەر لەمیانى سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ واشنتۆن، نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هاوبەشى لەگەڵ ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکا وەک رێزگرتنێک لە خەبات و قوربانى هێزى پێشمەرگە و هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و کوردستان مەراسیمێکى پێشوازى ئەنجامدا. لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە بەڕێزان شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە، بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان، و دەینا سترۆل جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، و دکتۆر سەلوان سنجارى هەڵسوڕێنەرى کاروبارى بالیۆزخانەى عێراق، و دەیڤید تافورى سەرۆکى ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکا ووتاریان هەبوو. میوانانى مەراسیمەکە بریتى بوون لە بەرپرسانى حکومەتى ئەمریکا، دیبلۆماتکاران، و بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکان و ئەندامانى ڕەوەندى کوردستانى ئەمریکا.