تریفە ئەحمەد عەزیز
نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە خزمەت دەکات وەک ئەڵقەیەکى گرنگى پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو ووڵاتدا. ناوبراو لە مانگى تەمموزى ساڵى ٢٠٢٣ لە پۆستەکەیدا دەستبەکاربووە و شانازى دەکات بەوەى کە یەکەم هاووڵاتى کوردى ئەمریکیە کە ئەم پێگە گرنگە وەربگرێت بۆ خزمەتکردن.
خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز ئەزموونێکى دەوڵەمەندى هەیە لە بوارى داکۆکیکردن و دیبلۆماسى، پێشووتر لە هەولێر ڕاوێژکارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێزدار مەسرور بازرانى بووە. ناوبراو لە ماوەى کارکردنى لە هەولێر تیشکی خستۆتە سەر بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و نێردە دیبلۆماسیەکانى تر لە هەولێر. هەروەها بەشداریکردووە لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان و کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى وەزیران، پەرەپێدانی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکان. خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز لە چەندین بواری جیاوازدا کاری کردووە، لە نێویاندا پرسی سیاسی و ئاسایش و ئابووری کەلتوورییەکان.
سەرەڕاى بەشدارییە گرنگەکانى لە پەیوەندییەکانى نێوان کورد و ئەمریکا، خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە بوارى داکۆکیکردن و ڕامیارى و سیاسەتى ئەمریکا. ناوبراو بە درێژایى ماوەى کارکردنى لە ڕابردوودا ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە هەردوو کەرتى حکومى و کەرتى تایبەت کە لەسەر زۆر پرسى جیاواز کاریکردووە لەنێوانیاندا یاساکانى فیدراڵى، تەرخانکردن، سیاسەتى باج، خزمەتگوزارییە یاساییەکان، پەیوەندییەکان، هاوکارى مرۆیى، و سیاسەتى ئابورى. ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کە لە ساڵى ٢٠١٣ بۆ ئەندامێکى باڵاى کۆنگرێس لە لێژنەى تەرخانکردن کاریکردووە، کە پێزانینێکى زۆر هەبووە بۆ ئەزموون و شارەزاییەکانى.
ڕۆڵى خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز لە بەهێزکردن و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى کورد و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دواى جەنگى کەنداو لە ساڵى ١٩٩١ – ئۆپەراسیۆنى گەردەلولى بیابان – کە ئەو کاتە بەڕێزیان نوێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو لە ئەمریکا. ناوبراو بەهۆى سزادانى سیاسی و ستەمکارى ڕژێمى سەددام حسین و حکومەتى حیزبى بەعس ناچاربوونە لە ساڵى ١٩٧٧ لەگەڵ خانەوادەکەى وەک پەناهەندە ڕوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بکەن. بەهۆى ئەوەى کە ژیان و خوێندنى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەسەربردووە، خاتوو تریفە شانازى دەکات بە هەردوو ناسنامەکەى و هیوادەخوازێت زیاتر کاربکات بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.
خاتوو تریفە ئەحمەد عەزیز هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرایە لە یاسا لە کۆڵیژى یاسای زانکۆى ئەمریکى لە واشنتۆن و ئەندامى سەندیکاى پارێزەرانى وویلایەتى ڤێرجینیایە. هەروەها ئەو بڕوانامانەى ترى خوێندن کە بەدەستى هێناون بریتین لە ماستەر لە یاساى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکان لە زانکۆى ئەمریکى، و بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسیەکان و لە زانکۆى جەیمس مادیسۆن.