پێنجشەممە 26 تشرینی دووەم 2020

کۆنفرانسى بەرنامە لە پێشینە ئابورییەکانى هەرێمى کوردستان  



ئەنجومەنى بزنسى ئەمریکى-عێراقى لە ژوورى بازرگانى ئەمریکى بە هەماهەنگى لەگەڵ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕۆژانى ٢٣و٢٤/١١/٢٠٢٠ کۆنفرانسێکى ئابورى لەژێر ناونیشانى بەرنامە لە پێشینە ئابورییەکانى هەرێمى کوردستان لە دواى کۆڤید-١٩ بەشێوەى وێبینار ئەنجامدا. رێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ووتەی سەرەکى کردنەوەى کۆنفرانسەکەى پێشکەش کرد و گووتى (ئەم هەفتەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان گرێبەستێکى گرنگ واژوودەکات کە دەبێتە بناغەیەک لە بەرنامەکانمان بۆ بەدیجیتاڵکردن کە ئەمەش وا دەکات خزمەتگوزارییەکانى حکومەت زۆر بەئاسانى بە دەستى هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانى تر بگات). لە درێژەى ووتەکانیدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕاى باسکردنى پەیوەندى درێژخایەنى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان لە تەواوى بوارەکان ئەوەشى خستەڕوو ( هەرێمى کوردستان خاوەن هێزێکى کارى بە تەمەن گەنج و خاوەن بڕوانامەى بەرزى هەیە و گەنج و لاوەکانى ئێمە شارەزاییان لە زانست و تەکنەلۆژیاى سەردەم هەیە. ئێمە نامانەوێت تەنها دەرفەتى کار دابین بکەین بەڵکو ئەو ئامرازانە بەردەست بکەین کە پێویستن بۆ  کارى داهێنان).

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە ٤٠٠ بەشداربوو بەشداریان کرد کە نوێنەرى کۆمپانیاى ئەمریکى و بەرپرسانى حکومى و  رێکخراو و دامەزراوەکان بوون. هەروەها بەرنامەى کۆنفرانسەکە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەلایەن تەلەفزیۆنى ڕووداو پەخش دەکرا.

جێگرى وەزیرى ووزەى ئەمریکا مارک مەنێنیز لە کۆنفرانسەکەدا ووتەیەکى پێشکەش کرد و گووتى (بەڕێز دان برۆیلێت وەزیرى ووزەى ئەمریکى جەختى کردۆتەوە لە بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ کەرتى ووزەى هەرێمى کوردستان و هەروەها پەیوەندى بەردەوامى هەبووە لەگەڵ ڕێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان. وەزیرى ووزە و وەزارەتى ووزە و تەواوى ئیدارەى ئەمریکى پێزانینیان هەیە بۆ پەیوەندى گرنگى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و هەروەها کارکردنى کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کەرتى ووزەى هەرێمى کوردستان). هاوکات جێگرى وەزیرى ووزەى ئەمریکى لە ووتەکەیدا پرسە و سەرەخۆشى نارد بەبۆنەى کۆچى دوایى هەریەک لە دکتۆر نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکوک و دکتۆر فەرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر.

ڕۆژى دووەمى کۆنفرانسەکە ووتەى کردنەوەى کۆنفرانسەکە لەلایەن جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان قوباد تاڵەبانى پێشکەش کرا. هەروەها لە پانێلێکدا جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جۆوى هوود یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى نزیک بەشداربوو گووتى (پەتاى کۆرۆنا تەنها کارەساتى مرۆیى بەدواى خۆیدا نەهێنا بەڵکو زیانى ئابوریش هەبوو بەڵام ئابورى بەشێوەیەکى تەواو نەوەستا. ئەگەر هاتوو ئێمە متمانەمان بە کەرتى تایبەت هەبێت ئەو کاتە دەتوانین دەرفەتێک دروست بکەین کە کەرتى تایبەت بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لە ئەنجامى سیاسەتێکى حکومەت یاخود قەیرانێک کە لە دەرەوەى دەسەڵاتى ئێمە بێت وەک ئەوەى پەتاى کۆرۆنا).

لە پانێلێکدا دەربارەى دابینکردنى کەشێکى ئارام و سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێبەر ئەحمەد جەختى کردەوەکە هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت لە دابینکردنى ئاسایش و ئارامى بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمى کوردستان و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێکى مەدەنى یاخود هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەرێمى کوردستان ئازارى پێنەگەیشتووە.

بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە سەفین دزەیى لە پانێلێکدا لەگەڵ باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق ماثیۆ تولەر و باڵیۆزى عێراق لە ئەمریکا دکتۆر فەرید یاسین بەشداربوو گووتى دەرفەتى زیاتر هەیە بۆ ئەوەى ئێمە لەگەڵ بەغدا هەماهەنگى بکەین کە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانمان تەنها لە بوارى سیاسى و ئاسایشدا نەبێت بەڵکو  هەماهەنگى بکەین بۆ پەرەپێدانى کەرتى ئابورى. لە درێژەى قسەکانیدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە هانى کۆمپانیا بەشداربووەکانى دا بۆ وەبەرهێنان لە کەرتى کشتوکاڵ و بوارەکانى تر، کوردستان بۆ کۆمپانیاکان دەبێتە دەروازەیەک بۆ ناوچەکانى ترى عێراق و تەنانەت ووڵاتانى ناوچەکەش.

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى بێگەر تاڵەبانى باسى لە چاکسازییەکانى کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان کرد. ناوبراو لە گفتوگۆکەدا ئاماژەیکرد لە کاتى هاتنى پەتاى کۆرۆنا حکومەتى هەرێمى کوردستان پشتگیرى لە جوتیاران کردووە و ئەمساڵ ڕێژەى بەرهەمى ناوخۆ زیاتربووە بەراورد بە ساڵانى پێشوو. پشتگیریمان کردووە لە دامەزراندنى ١٣ کارگەى پیشەسازى خۆراک ئەمەش بۆ پاراستنى خۆراک بۆ بازاڕەکانى ناوەخۆ و لە هەمانکاتدا کڕینەوەى بەرهەمى جوتیاران. لە چەند ڕۆژى داهاتوودا ئێمە بەردى بناغەى کارگەى بەرهەمهێنانى چەوەندەرى شەکر دادەنێین کە دەرفەتى کار بۆ زیاتر  لە ٨ هەزار جوتیار دابین دەکات.

پانێلێک سەبارەت بە بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هەمەجۆرکردنى سەرچاوە ئابورییەکانى هەرێم ڕێکخرابوو بە بەشدارى ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى و ئابورى، دکتۆر دارا ڕەشید وەزیرى پلاندانان، دکتۆر محمد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان. وەزیرى دارایى ئابورى ئاوات شێخ جەناب تیشکى خستەسەر دووبارە ڕێکخستنەوەى سیستەمى باج و گومرگ بۆ زیادکردنى داهات و پشتگیرى کردن لە بەرهەمى ناوەخۆ. دکتۆر محمد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان گووتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ کار ئاسانى زیاتر بۆ وەبەرهێنەرانى نێودەوڵەتى، یاساى ئێستاى وەبەرهێنان و هەروەها پڕۆژەى پێشنیارکراو بۆ هەموارکردنەوەى یاساى وەبەرهێنان لە داهاتوودا لە ماف و ئیمتیازاتدا وەبەرهێنەرى ناوخۆ و دەرەکى یەکسانن.

ژمارەیەکى زۆر بەرپرسانى حکومى ئەمریکى و کەسایەتى بازرگانى بەشداربوون، لەنێوانیاندا دکتۆر ماثیۆ زیاس جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى ووزەى ئەمریکى، دەیڤید کۆپلى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا،ڕۆس پیرۆ جونیەر سەرۆکى کۆمپانیاى هیلوود ئێنەرجى کە  ١,٦ ملیار دۆلار وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان کردووە.

ستیڤ لوتێس جێگرى سەرۆکى ژوورى بازرگانى ئەمریکى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سەرۆکى ئەنجومەنى بزنسى ئەمریکى-عێراقى لە دەسپێک و کۆتایى کۆنفرانسەکەدا ووتەى پێشکەش کردوو و هەروەها چەندین پانێڵى بەڕێوەبرد و گووتى (من زۆرخۆشحاڵم لەگەڵ ئەم هەموو کەسایەتیە بەڕێزانە لە حکومەت و کەرتى تایبەت کاردەکەم بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیە ئابورییەکانمان. داوا لە هەموولایەک دەکەم کاتێک ئێمە بەرەو ساڵى ٢٠٢١ هەنگاودەنێین پابەندبوونەکانى خۆمان دووپات بکەینەوە بۆ بەدیهێنانى چاکسازى و پێشکەوتنى زیاتر کە دەبێتە هۆى هێنانەدى دوا ڕۆژێکى گەش بۆ هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق).

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن سوپاسى ستیڤ لوتێس و ژوورى بازرگانى ئەمریکى کرد بۆ ڕێکخستنى ئەم کۆنفرانسە بەیەکەوە. هەروەها گووتى کە پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى لەسەر ئابورى هەموو جیهان دروستکردووە، بۆیە ئەنجامدانى ئەم کۆنفرانسە لە کاتى ئێستادا زۆر گرنگە کە ئێمە بەرنامە دادەنێین بۆ دواى کۆڤید-١٩. لە ڕێگاى ئەم کۆنفرانسەوە ئاشناى بەرنامە لە پێشینیە ئابورییەکانى هەرێمى کوردستان دەبین کە گرنگن بۆ هەرێمى کوردستان  و هەروەها هێشتنەوەى دەرگا بەکراوەیى بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان بەتایبەتى بۆ دۆستە ئەمریکیەکانمان.

کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان ڕۆبەرت واڵەر لە ووتەیەکدا لە کۆنفرانسەکەدا گووتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گەرمى پێشوازى لە کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەکات و هاوکات دەستخۆشى لە هەنگاوەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد لە بوارەدا. بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنى پەیوەندیە بازرگانییەکانى نێوان ئەمریکا و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەرنامە لە پێشینەکانى حکومەتەکەیانە.

لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک تەوەرى جیاواز گفتوگۆى لەسەر کرا لەنێوانیاندا، داهاتووى کەرتى ووزە و چۆن ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و عێراق بەیەکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیرى ووڵات. ئەو پانێلەى دەربارەى ووزە بوو یەکێک لە قسەکەرانى پانێلەکە باز کەریم سەرۆکى گروپى کۆمپانیاکانى کار لە قسەکانیدا ئاماژەى بە سەرکەوتوویى کارى کۆمپانیا ئەمریکیەکان کرد لە کەرتى ووزەى هەرێمى کوردستان و هەروەها ڕۆڵى کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت و پلانەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ فراوانکردنى ئەو کەرتە.

بازرگانانى کوردستان بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەدا لەنێوانیاندا دکتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆکى فیدراسیۆنى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێمى کوردستان و یادگار میرانى دامەزرێنەرى کۆمپانیاى خواردن و خزمەتگوزارییەکانى گەیاندن.

دەقى بەرنامەى کۆنفرانسەکە بۆ هەردوو ڕۆژ لە ڕێگاى ئەم لینکانەى خوارەوە بەردەستە:

ڕۆژى یەکەم:  https://vimeo.com/482722667/b37e1500ad 

ڕۆژى دووەم:   https://vimeo.com/483197436/faca0ed917