نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن ژمارەیەک کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمریکا دەربارەى دوایین دۆخى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەروەها بابەتەکانى پەیوەندارەکانى تر لەنێوانیاندا کۆبوونەوەى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا وعێراق و هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق.
بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى جیا کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەندرى کارسن نوێنەرى وویلایەتى ئیندیانا و کۆنگرێسمان جیم هایمس نوێنەرى وویلایەتى کۆنتیکەت کە هەردووکیان ئەندامى لێژنەى هەمیشەیى کۆنگرێسن بۆ هەواڵگرى و هەروەها کۆنگرێسمان ڕیک لارسین نوێنەرى واشنتۆن کە ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکانە.
لە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنگرێسمان هایمس گفتوگۆکرا دەربارەى پەسەندکردنى یاساى بودجەى عێراقى و کاریگەرییەکانى ئەم یاسایە لەسەر هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئابورى و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، و هەروەها پرسە ئەمنیەکانى ترى ناوچەکە.
هەروەها لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو کۆنگرێسمان کارسن و لارسن جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسانەى سەرەوە و ژمارەیەکى پرسى تر گفتوگۆى لەسەر کرا لەوانە ھەڕەشە بەردەوامەکانى داعش و گرنگى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکى عێراقى و گرنگى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى شەفافانە.
نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان شانازى بە پشتگیرى تەواوى ئەندامانى کۆنگرێس دەکات لە پارتە جیاوازەکان.