دووشەممە 23 ئایار 2022

پارێزگارى هەولێرلە واشنتۆن چاویکەوت بە بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و ئاژانسى (USAID) و دامەزراوە هزرییەکان و وەبەرهێنەران  



ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى کۆتاییان بە سەردانە سەرکەوتووە یەک هەفتەییەکەیان هێنا بۆ واشنتۆن کە لەو ماوەیەدا چاویانکەوت ئەندامانى کۆنگرێس و بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و ئاژانسى (USAID) و پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى و هەروەها پێشووتریش لە شارى ناشڤیل زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان هەبوو.

تەوەرەکانى گفتوگۆکان لە واشنتۆن لەسەر پرسەکانى مرۆیى و ئاسایش و ئابورى شارى هەولێر پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ناسراوە بە فرەیى و پێکەوەژیان و پەرەپێدانى ئابورى و پەناگەیەکى ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بەیاوەرى بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویانکەوت بە تۆماس کێلسى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە وەکاڵەت و سکۆت تێرنەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە بۆ کاروبارى دانیشتوان و کۆچ و کۆچبەران بۆ باسکردنى دۆخى ئەمنى مرۆیى کوردستان و عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشى مووشەکە بالیستیەکانى ئێران و هەندێک لە گروپە میلیشیاکانى عێراقى. ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ئەوەى دووپاتکردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ ئاشتى لەنێوخۆى عێراق و ووڵاتانى دراوسێ و پابەندە بە سەروەریى خاکى عێراق.

لە درێژەى دیدار و کۆبوونەوەکاندا پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى نوێنەرى حکومەتى هەرێم چاویانکەوت بە ئەندرۆ پلیت جێگرى سەرۆکى ئاژانسى ئەمریکى بۆ هاوکارى و پەرەپێدان بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لە گفتوگۆکاندا باس لە دۆخى هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتى دۆخى ئەمنى ئەو ناوچانە کە ڕێگرە لە گەڕانەوەى ئاوارە و پەنابەران بۆ سەر زێدى خۆیان لە شەنگال و دەشتى نەینەوا. لەلاى خۆیەوە پارێزگارى هەولێر سوپاسى ئەمریکاى کرد بۆ هاوکارى مرۆیى و تەکنیکى کە لە ماوەى ڕابردوودا پێشکەشى کردوون و داوایکرد لە بەردەوامبوونى پشتگیریەکان بۆ ئەو تەحەددییانەى کە ئێستا هەیە.

هەروەها شاندەکە لە کۆنگرێس لە دیدارى جیاوازدا چاویانکەوت بە هەریەک لە کۆنگرێسوومان ڤیکى هارتزلەر و کۆنگرێسمان ستیڤ چابۆت و لە هەردوو دیدارەکەدا باس لە دۆخى ئاسایش و مرۆیى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەى کە هەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتى و سەقامگیرى هەولێرى پایتەخت و عێراق. سوپاسى ئەندامانى کۆنگرێسیان کرد بۆ پشتگیریەکانیان بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە.

پارێزگارى هەولێر ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەلایەن پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى ڕێکخرابوو ووتەیەکى پێشکەشکرد کە تیشکى خستەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانى کوردستان و عێراق لە ڕووى سیاسى و ئاسایش. هەروەها لە دیدارێکى جیاوازدا چاویکەوت بە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان بۆ خستنەڕووى دەرفەتەکانى ئابورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و ئاسانکارییەکانى پارێزگاى هەولێر بۆ وەبەرهێنەران.