ھەینی 20 ئایار 2022

پارێزگارى هەولێر و کۆنگرێسمان چابۆت هاوپەیمانێتى ئەمریکا و کوردستانیان بەرزنرخاند لە دژى داعش  



 لە ڕێکەوتى ٢٠/٥/٢٠٢٢، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویانکەوت بە کۆنگرێسمان ستیڤ چابۆت ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە.

پارێزگارى هەولێر و کۆنگرێسمان چابۆت گفتوگۆیانکرد لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکان لە ڕووى سیاسى و ئاسایش لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، هەروەها دۆخى مرۆیى ئاوارە و پەنابەرانى نیشتەجێى پارێزگاى هەولێر. لە تەوەرى گفتوگۆکاندا هەردوولا هاوپەیمانى نێوان ئەمریکا و کوردستانیان بەرزنرخاند لە شەڕى دژ بە داعش.

پارێزگارى هەولێر باسى لە پێگەو ڕۆڵى هەولێر کرد وەک پایتەختى هەرێمى کوردستان و ناوچەیەکى ئابورى و پەناگەیەکى ئارام بۆ ئەوانەى لەدەست توندوتیژییەکان پەنایان بۆى هێناوە و هەروەها ناوچەیەکى گەشتیاریە بۆ گەشتیاران.

ئەمریکا هاوپەشێکى گرنگى هەرێمى کوردستان و عێراقە لە شەڕى دژ بە داعش و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکانى کوردستان و هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە لە شەڕى دژ بە داعش لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە و بەردەوامە لە پاراستن و پشتگیرى عێراق لەڕێگاى دابینکردنى کەلوپەل و دارایى.

کۆنگرێسمان ستیڤ چابۆت نوێنەرى ناوچەى یەکى وویلایەتى ئۆهایۆیە و ماوەى ٢٤ ساڵە ئەندامى کۆنگرێسەوە و پێشووتر ئەندامى ئەنجومەنى شارەکانى سینسنیاتى و هامیلتۆن بووە بۆ ماوەى ٥ ساڵ پێش ئەوەى ببێتە ئەندامى کۆنگرێس لە ساڵى ١٩٩٤. ناوبراو خزمەتى کردووە لە کۆمیتەکانى دادوەرى و بازرگانى بچووک و کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە.