دووشەممە 23 ئایار 2022

پارێزگارى هەولێر بە سەرۆکایەتى شاندێک سەردانى شارى ناشڤیل یکرد بۆ هاندانى دەستە خوشکى نێوان هەردوو شار  



ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى پارێزگاى هەولێر سەردانى شارى ناشڤیل یکرد لە وویلایەتى تێنیسى بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لە بوارى دەستە خوشکى لەنێوان هەردوو شاردا بەتایبەتى کە ژمارەیەکى زۆر ڕەوەندى کوردستانى لەو شارەدا دەژین.

پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى چاویانکەوت بە بۆردى ناشڤیل بۆ دەستە خوشکى کە گفتوگۆیانکرد لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان ناشڤیل و هەولێر لە بوارەکانى ئابورى و کەلتورى کە لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانى هەردوو شاردابێت. بۆردى دەستە خوشکى ناشڤیل مەراسیمێکى پێشوازیان بۆ شاندەکە ڕێکخستبوو و هەروەها کۆمەڵەى ڕەوەندى کوردستانى لە ناشڤیل ئێوارەخوانێکیان بۆ شاندەکە و بۆردى دەستە خوشکى شارى ناشڤیل ڕێکخستبوو. هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە خاوەن کەلتور و شوێنەوارێکى دێرینە کە مێژووییەکى درێژى هەیە و هەروەها ئابورییەکى گەشەسەندو ژینگەیەکى چالاکى هەیە.

شاندەکەى پارێزگارى هەولێر یاوەرى دەکرا لەلایەن چەندین بەرپرس و بەڕێوەبەرى پارێزگارى هەولێر لەنێوانیاندا نەبەز عبدالحمید قائیمقامى پارێزگاى ناوەندى هەولێر و نیهاد لەتیف قۆجە بەرپرسى نۆژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر. شاندەکە لە ماوەى نێوان ١٤ بۆ ١٨ى ئایارى ٢٠٢٢ چەندین کۆبوونەوەیان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانى شارى ناشڤیل لەنێوانیاندا جۆن کوپەر شارەدارى ناشڤیل و نووسینگەى حاکمى وویلایەتى تێنیسى و ژوورى بازرگانى ناشڤیل و ئاژانسى پەرەپێدانى شار و نیشتەجێکردن و سەندیکاى پارێزەرانى ناشڤیل و بەرپرسانى ئەکادیمى شارەکە.

هەروەها پارێزگارى شارى هەولێر و شاندى یاوەرى چاویانکەوت بە جیم شوڵمان جێگرى شارەدارى شارەکە و لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجومەنى شارەکەدا پارێزگارى هەولێر ووتەیەکى پێشکەشکرد و سوپاسى و پێزانینى خەڵکى کوردستانى گەیاند بۆ میوانداریان بۆ ڕەوەندى کوردستانى. هەروەها شاندەکە سەردانى کتێبخانەى گشتى شارەکە و شارى مۆسیقاى شارەکەیان کرد.

ئەم سەردانە بە هاوکارى و پشتگیرى کونسوڵگەرى گشتى ئەمریکا لە هەولێر و پەیمانگاى کەلتورى کوردى ئەمریکا و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ڕەوەندى کوردستانى لە شارى ناشڤیل ئەنجامدرابوو.