دووشەممە 1 ئاب 2022

وەزیرى پێشمەرگە بە سەرۆکایەتى شاندێک گەیشتە واشنتۆن  



 ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى ١/٨/٢٠٢٢، وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان شۆڕش ئیسماعیل بە سەرۆکایەتى شاندێکى پێشمەرگە و ئاسایش گەیشتە واشنتۆن و لە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لەلایەن نوێنەرى حکومەتى هەرێم و ستافى نوێنەرایەتى بە گەرمى پێشوازییان لێکرا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتى وەزیرى پێشمەرگە پێکدێت لە بەرپرسانى باڵا لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە و ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە لە ماوەى مانەوەیاندا لە ئەمریکا کۆبوونەوەیان دەبێت لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى ئەمریکا و کۆنگرێس بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوبەشیەتى ستراتیژى لەچوارچێوەى  ڕێکەوتنامەى چوارچێوەى ستراتیژى نێوان ئەمریکا و عێراق.

تەوەرەکانى سەردانەکە بریتیە لە هەڕەشە بەردەوامەکانى داعش لە عێراق و سوریا و جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکسازى پێشمەرگە. وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کەلوپەل و پێداویستى و مەشق و ڕاهێنانى پێشکەش بە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە و ڕاوێژ پێشکەش بە وەزارەتى پێشمەرگە دەکات لەسەر ستراتیژیەتى نوێکردنەوەى سەردەمیانە و یەکخستنى هێزەکان.

بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کە یاوەرى شاندەکە دەکات لە ماوەى کۆبوونەوەکانیان لەم هەفتەیەدا گووتى (ئێمە زۆر بە گەرمى بەخێرهاتنى بەڕێز وەزیرى پێشمەرگە کاک شۆڕش ئیسماعیل و شاندى یاوەرى دەکەین. هەرێمى کوردستان و ئەمریکا بەرژەوەندى هاوبەشیان هەیە لە بوونى کوردستانێکى سەقامگیر و ئارام و عێراقێکى خاوەن سەروەرى و ئاشتى و خۆشگوزەران. ئێمە دەڕوانینە ئەو کۆبوونەوە بەرهەمدار و دۆستانەى ئەنجامى دەدەین لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا).