ھەینی 3 تەمووز 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمریکا



خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ماوەى چەند هەفتەى ڕابردوودا بەشێوەى ئۆنڵاین و پەیوەندى تەلەفۆنى چەندین گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ بەڕێزان ئەندامانى کۆنگرێسى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ باسکردنى دۆخى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشچوونەکان بەتایبەتى لە ڕووى قەیرانى ئابورى و تەحەددییەکانى پەتای ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان و عێراق.

ئەم پەیوەندى و گفتوگۆیانە لەچوارچێوەى بەرنامەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ ئەندمانى کۆنگرێس لەنێوانیاندا بەڕێزان کۆنگرێسمان دۆن بەیکن، کۆنگرێسمان برادلى بایرن، کۆنگرێسمان جۆن گارامێندى، کۆنگرێس وومان ڤیکى هارتزلەر، کۆنگرێسمان جیم لانگێڤاین، کۆنگرێسمان میکى شێریل، کۆنگرێسمان مایک تێرنەر، کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز. هەروەها لە هەمان چوارچێوەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک ستافى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێسى ئەمریکا.

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە تەواوى ئەو گفتوگۆ و پەیوەندیانەدا سوپاسى پشتگیریەکانى ئەندامانى کۆنگرێسى کرد لە هەردوو پارتى سەرەکى و هەوڵەکانیان لە پشتگیرى پەرەپێدانى پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق. نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تەوەرێکى قسەکانیدا باسى لە زیادبوونى بەرچاوى ژمارەى تووشبوانى نەخۆشى کۆرۆنا  کرد و کاریگەریەکانى ئەو پەتایە لەسەر ئابورى. هەروەها تیشکى خستەسەر گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا و هەڕەشە بەردەوامەکانى داعش لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و پێشهات و گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە کە بوونەتە هۆى دروستکردنى نیگەرانى.