پێنجشەممە 17 حوزەیران 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە کۆنگرێسمان مایک گالەگەر  



ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ١٦/٦/٢٠٢١، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەى وێبینار چاویکەوت بە کۆنگرێسمان مایک گالەگەر (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى خزمەتگوزارى سەربازى و کۆبوونەوەکە لە کەشێکى دۆستانە و گۆڕینەوەى بیروڕاى بەرهەمدار بەڕێوەچوو.

هەردوو گفتوگۆیانکرد دەربارەى ژمارەیەک پرسى گرنگ بۆ بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا لەنێوانیاندا پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، دۆخى ئابورى و تەحەددییەکانى بەردەم هەرێمى کوردستان و عێراق. هەروەها تیشکیان خستەسەر پشتگیریەکانى ئەمریکا بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقى بەپێى ئەوەى کە لە یاساى بودجەى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکى ئاماژەیپێکراوە کە لە ڕووى مەشق و دابینکردنى کەلوپەل و پشتگیریە گرنگەکانى تر پێشکەش بە هێزەکانى پێشمەرگە دەکات.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى کۆنگرێسمان مایک گالەگەر کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و پەرۆشى بۆ عێراق بەشێوەیەکى گشتى.

کۆنگرێسمان مایک گالەگەر  وەک ئەندامى کۆنگرێس نوێنەرایەتى ناوچەى ٨ى وویلایەتى وینسکۆن دەکات و  بۆ ماوەى ٧ ساڵ لە ڕیزەکانى سوپاى ئەمریکى وەک ئەفسەرى هەواڵگرى و زانیارى مرۆیى و کاروبارى هەرێمى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا کاریکردووە. هەروەها لە ماوەى خزمەتکردنى دووجار  لە پارێزگاى ئەنبارى عێراق وەک فەرماندەى تیمە هەواڵگرییەکان و ئەندام بووە لە تیمى ژەنەڕاڵ دەیڤید پەترایۆس بۆ هەڵسەنگاندن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.