چوارشەممە 2 ئازار 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە کۆمسیارى ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى  



لە ڕێکەوتى ٢/٣/٢٠٢٢، بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە نادین مەینزا کۆمسیارى کۆمسیۆنى ئەمریکى بۆ ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى. هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیانکرد دەربارەى کارەکانى کۆمسیۆنەکە لەسەر دۆخى ئازادى ئاینى لە جیهان و عێراق و هەرێمى کوردستان.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە هەندێک لەو نیگەرانیانە کرد کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ چارەسەرکردنى و هاوکات ئاماژەیکرد بە کەلتورى پێکەوەژیان و هاندان بۆ فرەیى و لێبوردەیى. هەروەها باسى لە فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد کە شارۆچکەى عەنکاوە کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى کریستیانن بکرێتە قەزایەک لە پارێزگاى هەولێر بەمەش دەسەڵاتى زیاتردەدرێت بە ئیدارەى خۆجێى شارۆچکەکە.

نادین مەینزا چەندین سەردانى جیاوازى ئەنجامداوە بۆ هەرێمى کوردستان و باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا. هەروەها کۆمسیۆنى ئەمریکى بۆ ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى ساڵانە ڕاپۆرتى خۆى بڵاودەکاتەوە لەسەر دۆخى ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى لە سەرتاسەرى جیهان و هاوکات پێشکەشکردنى راسپاردە و پێشنیار بۆ حکومەتە بیانیەکان و ئیدارەى ئەمریکى.