دووشەممە 9 ئاب 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە بەرپرسى تازەى بەشى ئابورى لە کونسوڵگەرى گشتى ئەمریکا  



ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٩/٨/٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى وێبینار چاویکەوت بە سێث پاچ بەرپرسى تازەى بەشى کاروبارى ئابورى لە کونسوڵگەرى گشتى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەولێر.

لە ووتەکانیدا بەیان سامى عبدالرحمن باسى لە دۆخى هەرێمى کوردستان کرد لە ڕووى ئابورى و جەختى کردەوە لەسەر پێوستى هاوکارى بۆ پەرەپێدانى کەرتى بانکى و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە هەرێمى کوردستان. هەروەها باسى لە گرنگى ڕۆڵى داهێنەرانەى گەنج کرد لە بوارى بازرگانى و دروستکردنى کۆمپانیاى بچووک لە کوردستان.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان هیواى سەرکەوتنى بۆ سێث پاچ خواست و ئامادەیى هەموو پشتگیریەکى دەربڕى بۆ بەردوامى پتەکردنى پەیوەندیە ئابورى و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

سێث پاچ دیبلۆماتکارێکى ئەمریکیە کە ماوەى نزیکەى ٢٠ ساڵ خزمەتى هەیە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و پێشووتر بەرپرسى نووسینگەى هەرێمى بووە لە نووسینگەى کاروبارى چین و مەنگۆلیا لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا.