پێنجشەممە 20 کانوونی دووەم 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە باڵیۆزى کەنەدا بۆ عێراق  



ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ٢٠/١/٢٠٢٢ بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەى وێبینار چاویکەوت بە گرێگ گالیگان باڵیۆزى داهاتووى کەنەدا بۆ عێراق و یێڤس دوڤاڵ بەرپرسى نوێنەرایەتى کەنەدا لە هەرێمى کوردستان.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عبدالرحمن پیرۆزبایى کرد لە باڵیۆز گرێگ گاڵیگان بەبۆنەى دەستنیشانکردنى وەک باڵیۆزى داهاتووى کەنەدا بۆ عێراق و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکە تازەکەیدا و گووتى کەنەدا هاوبەش و هاوپەیمانێکى گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو گفتوگۆیانکرد دەربارەى ئەو ئاڵنگارییانەى کە هەن لەنێوانیاندا پەتاى کۆرۆنا، پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق و پرسە ئاسایشیەکان. هەروەها باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان و ڕێگاکانى زیاتر بەهێزکردنى پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەتایبەتى فراوانکردنى پەیوەندییە ئابورییەکان.

کەنەدا ئەندامە لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش و لە ڕێگاى بەرنامەى مەشق و ڕاهێنان پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە. هەروەها پشتگیرى کردووە لە بەرنامەکانى هەڵگرتنەوەى مین و تەقەمەنى و هاوکارى مرۆیى بۆ ڕێکخراوە ناحکومیەکانى کە کاردەکەن لە هەرێمى کوردستان.