ھەینی 29 کانوونی دووەم 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوى کەوت بە تیمى پڕۆژە نێودەوڵەتیە تایبەتەکان  



 نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لەم هەفتەیەدا چاوى کەوت بە تیمى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراقى دامەزراوەى پڕۆژە نێودەوڵەتیە تایبەتەکان کە ناسراوە (the Center for International Private Enterprise (CIPE)) بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى کارو هەماهەنگى هاوبەش.

بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى وێبینار چاوى کەوت بە تیمەکە کە پێکهاتبوون لە گرێگ سیمسن بەڕێوەبەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیاى دامەزراوەکە و جێگرەکەى ستیڤن ڕۆسینلاند و محمد السعیدى بەڕێوەبەرى بەرنامەى عێراق و هاوکارەکەى سپێنسەر نیولاند.

دواى ئەوەى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنى کەرتى تایبەت وەک داینەمۆیەک بۆ فراوانکردن و هەمەجۆرکردنى سەرچاوەکان و دابینکردنى دەرفەتى کار، گرێگ سیمپسۆن و بەیان سامى عبدالرحمن بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەى کارو هەماهەنگى هاوبەش.

دامەزراوەى پڕۆژە نێودەوڵەتیە تایبەتەکان کە ناسراوە (the Center for International Private Enterprise (CIPE)) لە ساڵى ٢٠٠٣ ەوە لە عێراق کاردەکەن و هاوبەشیان هەیە لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوى پەرەپێدانى ئابورى کوردستان ناسراو بە (KEDO) بۆ بەهێزکردنى کەرتى تایبەت و پتەکردنى لامەرکەزیتى دارایى و بیناکردنى تواناکانى داهێنانى پڕۆژەى بازرگانى و گەنجانى خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەى داهێنان.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کە لە مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٠، بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و گرێگ سیمسن بەڕێوەبەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا بەشدارییان لە مەراسیمى کۆتایى پێشبڕکێیەکى دامەزراوەکە کرد کە بۆ براوەکانى قوتابیانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان سازکرابوو کە لە پێشبڕکێیەکەدا براوەبوون.