سێشەممە 28 کانوونی دووەم 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوى کەوت بە ئەندامانى لێژنەى هەواڵگرى و کاروبارى سەربازى لە کۆنگرێس



 ڕێکەوتى ٢٨ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٠ خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چەند دیدار و کۆبوونەویەکى گرنگى هەبوو بە جیا لەگەڵ بەڕێزان کۆنگرێسمان ئادەم سمیث سەرۆکى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێس کە بەڕێزیان لە پایزى  ڕابردوو بە سەرۆکایەتى شاندێکى کۆنگرێس سەردانى هەرێمى کوردستانى کردبوو. هەروەها کۆنگرێسمان کریس ستیوارت و کۆنگرێسمان وویڵ هێرد کە ئەندامن لە لێژنەى هەمیشەیى کاروبارى  هەواڵگرى لە کۆنگرێس.

 

لە هەرسێ کۆبوونەوەکەدا خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێم سوپاسى پشتگیریە بەردەوامەکانى کۆنگرێسى کرد بۆ هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى هێزەکانى پێشمەرگە. ئەندامە بەڕێزەکانى کۆنگرێس پشتگیرى خۆیان بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى وەک هاوپەیمانێکى گرنگى ئەمریکا. گفتوگۆکرا دەربارەى بارودۆخى سیاسى و ئاسایشى عێراق و هەروەها قەیرانە مرۆییەکان و دوایین کۆبوونەوەى نێوان بەڕێزان سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و  سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.