ھەینی 7 کانوونی دووەم 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کونسوڵى گشتى ئەمریکا تاوتوێى پەیوەندییە دووقۆڵیەکانیان کرد  



 ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ٦/١/٢٠٢٢، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن چاویکەوت بە ڕۆبەرت پاڵدینۆ کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان لە کاتى گەڕانەوەیان بۆ واشنتۆن.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى زیاتر بەهێزکردنى پەیوەندییە ستراتیژییەکانى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان لە هەموو ئەو بوارانەى کە لە بەرژەوەندى هاوبەشى هەموولایەکدایە. هەروەها باسیان لە زیاتر هاوکاریکردن و هاندانى کۆمپانیا ئەمریکیەکان کرد بۆ بازرگانى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و هاندانى گەنجانى خاوەن بیرۆکە و پێشەنگى کار.

لەلایەن خۆیانەوە بەیان سامى عبدالرحمن و ڕۆبەرت پاڵدینۆ ئاماژەیانکرد بە ڕۆڵى گرنگى کۆمەڵکاى کوردى ئەمریکا لە زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە کەلتورییەکانى نێوان هەرێمى کورستان و ئەمریکا.

ئەمریکا هاوپەیمانى سەرەکى هەرێمى کوردستان و عێراقە لە شەڕ دژى داعش و بەردەوام لە بوارە جیاوازەکاندا هاوکارى پێشکەش بە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە بە تایبەتى لە ساڵى ٢٠١٤ەوە لە پرۆسەى بەرەنگاربوونەوەى داعش و بەردەوامبوون لە پاراستنى ووڵات. ئەمریکا گەورەترین ووڵاتى کۆمەک بەخشە لە ڕووى هاوکارى مرۆیى بۆ عێراق لە رێگاى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاژانس و ڕێکخراوە ناحکومیەکانى تر.