ھەینی 12 حوزەیران 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا تاوتوێى پرسە ئەمنیەکانیان کرد



ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ١١ى حوزەیران ى ٢٠٢٠، خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا تاوتوێى پرسە ئەمنیەکان و هەماهەنگى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستانى کرد لەگەڵ خاتوو سایمۆنى لیدین جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لەو  پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا وێڕاى گفتوگۆکردن دەربارەى پەیوەندیە دوو قۆڵیەکان و گۆڕینەوەى بیروڕا، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا و کۆنگرێسى کرد بۆ پشتگیریەکانیان لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و پێدانى کەلوپەل و هاوکاریەکانى تر. هەردوولا  جەختیان کردەوە لەسەر پێویستى زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى داعش لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم.

وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەرۆکایەتى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش. ڕاوێژکارانى سەربازى هێزەکانى ئەمریکا مەشق و ڕاوێژ پێشکەش دەکەن بە سوپاى عێراقى و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان.