چوارشەممە 31 ئازار 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوشان لەگەڵ باڵیۆزانى ئەمریکا و عێراق بەشێوەى ئۆنڵاین بەشدارى لە وێبینارێکى پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى کرد دەربارەى عێراق  



ڕۆژى سێ شەممە ڕیکەوتى ٢٣/٣/٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەى ئۆنڵاین وەک یەکێک لە قسەکەرانى سەرەکى بەشدارى لە وێبینارێکى پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى کرد دەربارەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق دواى ١٨ ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى سەددام حسین.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا هاوشان لەگەڵ باڵیۆز فەید یاسین باڵیۆزى عێراق لە ئەمریکا و باڵیۆز ماثیۆ تولەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق و لیزا گراندى سەرۆکى پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى کە ووتارى کردنەوەى کۆڕەکەى پێشکەشکرد و بەرنامە و گفتوگۆى  وێبینارەکەش لەلایەن سەرهەنگ حمە سەعید لە پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى بەڕێوەدەبردرا.

بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لە ووتەکەیدا باسى لە زۆر خاڵکرد لەنێوانیاندا دوایین سەردانەکەى قەداسەتى پاپا فڕەنسیس بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و گووتى هیوادارین پەیامى ئاشتى و برایەتى لەلایەن قەداسەتى پاپاوە کارى لەسەر بنیات بنرێت. هاوکات گووتى کە هەرێمى کوردستان پەناگەیەک بووە بۆ پاراستنى هەموو ئەوانەى لەدەست چەوساندنەوە و ئاڵۆزییەکان ڕایانکردووە. هەروەها داواى لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ووڵاتانى ترى هاوپەیمانان کرد بۆ کارکردن لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکى درێژخایەن لەسەر تەواوى پرسە هەڵپسێردراوەکان کە هەندێکجار بۆتە هۆى ناسەقامگیرى لە ووڵات.

باڵیۆز ماثیۆ تولەر و باڵیۆز فەرید یاسین ئاماژەیانکرد بە ساڵیادى جینۆسایدى هەڵەبجە و جەژنەکانى نەورۆز کرد. باڵیۆز تولەر گووتى کە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پابەندە بە عێراقێکى سەقامگیر و خاوەن سەروەرى و دیموکرات و خۆشگوزەران.

باڵیۆز فەرید یاسین لە ووتەکەیدا گووتى تاوەکو ئێستا تەحددى زۆر لەبەردەم عێراق ماوە، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ ئەمریکا ئاسایى بۆتەوە بەڵام عێراق دەخوازێت نەبێتە بەشێک لە ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران. هەروەها گووتى بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنم کە عێراق وەرگرتنى ڤیزاى پێش وەختى لەسەر هەڵگرانى پاسپۆتى ئەمریکى هەڵگرتووە.

بۆ بینینى تەواوى وێبینارەکە دەتوانن کلیک لێرە بکەن.