ھەینی 19 شوبات 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکى  



(واشنتۆن، ماڵپەڕى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم): نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى وێبینار کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئیدارەى تازەى ئەمریکى لە وەزارەتى دەرەوە و وەزارەتى بەرگرى و کۆشکى سپى بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى دوایین پەرەسەندنەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و بەرژەوەندیە هاوبەشەکان.

لەسەرەتایى ئەم هەفتەیەدا بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لە دوو دیدارى جیاوازدا چاوى کەوت بە زەهرا بێڵ بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق و سوریا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى کۆشکى و دەینا سترۆل جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. یەکێک لە تەوەرەکانى دیدارەکان باسکردنى دوایین هێرشى مووشەکى بوو بۆ سەر شارى هەولێر کە لە ڕێکەوتى ١٥ى شوبات ڕوویدا لە ئەنجامدا هاوڵاتیەک گیانى لە دەستدا و ژمارەیەک کەسى تر برینداربوون لە نێوانیاندا هاوڵاتیانى شارى هەولێر و ئەندامان و گرێبەستکارانى سوپاى ئەمریکى. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لە پێویستى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە و ئەو کەسانەى کە بەرپرسن لە ئەنجامدانى ڕووبەڕووى یاسا بکرێنەوە. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەرى تر گفتوگۆى لەسەر کرا دەربارەى بارودۆخى مرۆیى و ئابورى و بەرەوپێشچوونە سیاسیەکان و ئەو پرسانەى جێگەى نیگەرانى هەردوولان.

هەروەها ئەوەى جێگەى ئاماژەیە هەفتەى ڕابردوو نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لە ڕێگاى وێبیناردا لە ژمارەیەک دیدارى جیاوازدا چاوى کەوت بە سیڵڤیا کوران، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئێران و عێراق، لودۆڤیک هوود ڕاوێژکارى تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نووسینگەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا،  سکۆت بوچانان بەڕێوەبەرى کاروبارى عێراق و سوریا لە نووسینگەى جێگرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى سیاسى. لەم کۆبوونەوانەدا گفتوگۆکرا دەربارەى نیگەرانیە ئەمنیەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق لەنێوانیاندا بوونى پاشماوەکانى داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێکەوتنامەى شەنگاڵ و هەروەها پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و گفتوگۆکانى پەیوەندار بە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بودجەى عێراقدا.