چوارشەممە 23 حوزەیران 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە کونسوڵى گشتى ئەمریکا  



ڕۆژى چوارشەممە رێکەوتى ٢٦/٦/٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن چاویکەوت بە ڕۆبەرت پاڵدینى کونسوڵى گشتى داهاتووى ئەمریکا بۆ هەرێمى  کوردستان و دیدارێکى دۆستانە و بەرهەمداریان هەبوو. هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى ژمارەیەک تەوەر لەنێوانیاندا پەیوەندییەکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییە ئەمنیەکانى ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە و دۆخى ئابورى و هاوکارى مرۆیى و زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییە کەلتورییەکان. هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر پەیوەندى دۆستانەى نێوان گەلى ئەمریکا و گەلى کوردستان.

ڕۆبەرت پاڵدینۆ شوێنى ڕۆب واڵەر کونسوڵى ئێستاى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە کە ماوەى ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان کاردەکات و پێشووتر بە وەکاڵەت یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بووە بۆ عێراق. ڕۆبەرت پاڵدینۆ دیبلۆماتکارێکى ئەمریکیە کە پێشووتر پۆستى جیاى هەبووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى، لە نێوانیاندا بەرپرسى نووسینگەى جێگرى وەزیرى دەرەوە، جێگرى ووتەبێژى وەزارەتى دەرەوە و ووتەبێژ و بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى لە ٢٠١٧ – ٢٠١٨.