چوارشەممە 23 حوزەیران 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە سیناتۆر جیم ئینهۆف  



ڕۆژى چوارشەممە رێکەوتى ٢٦/٦/٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن  لە کۆبوونەوەیەکى بەرهەمداردا چاویکەوت بە سیناتۆر جیم ئینهۆف جێگرى سەرۆکى کۆمیتەى خزمەتگوزارى هێزە چەکدارەکان.

هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و کەلوپەل و دارایى، هەروەها ئەو ئاڵنگارییە ئەمنیانەى کە ئێستا ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان بۆتەوە. هەردوولا پێزانیان هەبوو بۆ هاوبەشى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان لە شەڕ دژى داعش.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عبدالرجمن سوپاسى سیناتۆر جیم ئینهۆف ى کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانى بۆ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هێزەکانى پێشمەرگە.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کە سیناتۆر جیم ئینهۆف نوێنەرایەتى خەڵکى ئۆلاهۆما دەکات لە سینات و پێشووتریش ئەندامى کۆنگرێسى ئەمریکا و ئەندامى کۆنگرێس و سیناتى وویلایەتى ئۆکلاهۆما و شارەدارى شارى تولسا بووە لە وویلایەتى ئۆکلاهۆما. ناوبراو چەندین جار سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە و دوایین سەردانى لە مانگى شوباتى ٢٠٢٠ بووە کە سەرۆکى شاندى کۆنگرێس بوو بۆ سەردانى هەولێر.