چوارشەممە 28 تەمووز 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە ئەندامانى کۆنگرێس  



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لەم هەفتەیەدا بەشێوەی وێبینار ژمارەیەکى کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس لەنێوانیاندا کۆنگرێسوومان کلۆدیا تێنیى (کۆمارییەکان) ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە کە لە داهاتوویەکى نزیکیشدا پەیوەندى دەکات بە گروپى دۆستایەتى کوردستان لە کۆنگرێس و هەروەها کۆبوونەوەیەکى جیا لەگەڵ سیناتۆر جۆن ئۆسۆف (دیموکراتەکان) ئەندامى کۆمیتەى ئاسایشى ناوخۆ و کاروبارى حکومەت.

بەیان سامى عبدالرحمن پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى دۆخى هەرێمى کوردستان لەڕووى ئابورى و ئاسایشەوە. لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە ڕەوەندى کوردستانى ئەمریکى نیشتەجێ ناوچەکانى بینگهامتۆن و ئوتیکا کە کۆنگرێسوومان تێینیى نوێنەرایەتى ئەو ناوچەیە دەکات. کۆنگرێسوومان تێنیى پشتگیرى خۆى دەربڕى بۆ خەڵکى کوردستان و هیواى خواست لە داهاتوویەکى نزیکدا سەردانى هەرێمى کوردستان بکات.

بەهەمان شێوە بەیان سامى عبدالرحمن چاویکەوت بە سیناتۆر جۆن ئۆسۆف کە نوێنەرى حکومەتى هەرێم باسى لە دۆخى هەرێمى کوردستان کرد لە ڕووى ئابورى و ئاسایش و دۆخى ئاوارەکانى ناوخۆ و پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێمى کوردستان. هەروەها هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى پرسەکانى ناوچەکە کە کاریگەریان لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە لەنێوانیاندا دۆخى کەمپى ئەلهۆل لە سوریا و مەترسى لایەنگرانى داعشى نیشتەجێى کەمپى ئەلهۆل لەسەر ناوچەکە.

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا مێژووییەکى بەهێزى هەیە لە پەیوەندى لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس و سینات و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەندامانى کۆنگرێس و سینات دەکات بۆ پشتگیریەکانیان بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق.