ھەینی 30 تەمووز 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە ئەندامانى کۆنگرێس وسینات  



نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەردەوامە لە کاروچاڵاکیەکانى لە ڕووى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران (کۆنگرێس) و ئەندامانى ئەنجومەنى پیران (سینات) و سوپاسکردنیان بۆ پشتگیریەکانیان.

بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەی وێبینار کۆبوونەوەیەکى دۆستانەى هەبوو لەگەڵ سیناتۆر کریس ڤان هۆلین ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە و بودجە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق، پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە لە ڕووى ئاسایش.

لە کۆبوونەوەیەکى تردا بەیان سامى عبدالرحمن چاویکەوت بە کۆنگرێسمان جەیسن کرۆ ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان و کۆمیتەى هەواڵگرى و هاوسەرۆکى گروپى دۆستایەتى کوردستان لە کۆنگرێس. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخى مرۆیى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و عێراق، هەروەها دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق، و هەڕەشە تیرۆریستیە بەردەوامەکانى داعش. لەلاى خۆیەوە کۆنگرێسمان جەیسن کرۆ پشتگیرى خۆى دەربڕى بۆ خەڵکى کوردستان و هیواى خواست لە داهاتوویەکى نزیکدا سەردانى هەرێمى کوردستان بکات.

بەهەمان شێوە نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ کۆنگرێسمان جیم لانگێڤین ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى هێزە چەکدارەکان و کۆمیتەى ئاسایشى ناوخۆ و لە داهاتوویەکى نزیکدا پەیوەندى دەکات بە گروپى دۆستایەتى کوردستان لە کۆنگرێس. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانى ناوچەکە لە ڕووى ئاسایش و هەڕەشەکانى داعش و دۆخى سیاسى و مرۆیى لە هەرێمى کوردستان و دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق کرا.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکى گەورەترین ووڵاتى کۆمەک بەخشە لە پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیى بە عێراق و هەروەها لە ڕووى سەربازیەوە مەشق و هاوکارى پێشکەش بە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە.