پێنجشەممە 12 ئاب 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە ئەندامانى ئەنجومەنى پیران  



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانى لە کۆنگرێسى ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە لە چوارچێوەى چاڵاکیەکانى زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان بەشێوەى وێبینار ژمارەیەک کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ سیناتۆرەکانى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى دوایین دۆخى ناوچەکە و داواکردنى پشتگیرى بەردەوام بۆ هەرێمى کوردستان.

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا پەیوەندییەکى پتەوى هەیە لەگەڵ کۆنگرێسى ئەمریکا بە هەردووبەشى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیران و لە هەمانکاتدا سوپاسگوزارە بۆ پشتگیریەکانى ئەندامانى هەردوو پارت  بۆ هەرێمى کوردستان.  وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا گەورەترین ووڵاتى کۆمەک بەخشى مرۆییە بۆ عێراق لە ڕووى دارایى و کەلوپەل و هەروەها پێشکەشکردنى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە لە شەڕ دژى داعش.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەیان سامى عبدالرحمن لە هەفتەى ڕابردوودا چاویکەوت بە سیناتۆر بۆب کەیسى ئەندامى کۆمیتەى هەواڵگرى. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەى بارودۆخى ناوچەکە لە ڕووى ئاسایش و مرۆیى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا و پیسبوونى ژینگە لەسەر هەرێمى کوردستان و عێراق. سیناتۆر بۆب کەیسى پشتگیرى خۆى دووپاتکردەوە بۆ هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى بەرزنرخاند لە شەڕى دژ بە داعش.

هەروەها لە درێژەى چاوپێکەوتنەکان نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە سیناتۆر مایک ڕاوندس ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان و کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە دۆخى سیاسى و سەربازى هەرێمى کوردستان و عێراق کرد. بە هەمان شێوە بەیان سامى عبدالرحمن کۆبوونەوەیەکى دۆستانەى هەبوو لەگەڵ سیناتۆر ئەنگەس کینگ ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان و کۆمیتەى هەواڵگرى کە تەوەرى کۆبوونەوەکە ئاڵوگۆڕى بیروڕابوو لەسەر دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق و پشتگیریەکانى ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان. سیناتۆر ئەنگەس کینگ هاوپەیمانێتى هێزەکانى پێشمەرگەى لەگەڵ سوپاى ئەمریکا بەرزنرخاند.

لە دوو کۆبوونەوەى ترى جیادا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەیان سامى عبدالرحمن بە جیا چاویکەوت بە سیناتۆر تامى دەکوۆرث ئەندامى کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان و سیناتۆر جۆن هیکنلوپەر ئەندامى کۆمیتەى ووزە و سەرچاوە سروشتیەکان. لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەیوەندى دوولایەنەى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان دوایین پەرەسەندنەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کرا. سیناتۆر تامى دەکوۆرث خزمەتى کردووە لە ڕیزەکانى سوپاى ئەمریکا لە شەڕى عێراق و هەڵگرى مەدالیایى دڵى پەمەییە و پێشووتر سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە.

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت لە زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانى کۆنگرێس و ستافەکانیان.