ھەینی 14 شوبات 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا هەفتەیەکى پڕ کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکى



 

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەم هەفتەیەدا دیدار و کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى ئیدارەى ئەمریکى کە تەوەرەکانى گفتوگۆ بریتى بوون لە دۆخى مرۆیى و سەربازى و پرسە سیاسیەکان.

 

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کۆبوونەوەى جیایى هەبوو لەگەڵ بەڕێز ڕؤبەرت واڵەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە بە وەکاڵەت بۆ کاروبارى ئێران و عێراق. هەروەها نۆکس ثەیمس ڕاوێژکارى تایبەت بۆ کاروبارى کەمایەتیە ئاینیەکان لە ڕۆژهەڵاتى نزیک و باشور و ناوەڕاستى ئاسیا کە لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت کرایەوە لەسەر دۆخى کەمە نەتەوە و ئاینەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها باسکرا لە هاوپەیمانى ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى کە هەفتەى ڕابڕدوو ڕاگەیەندرا و تاوتوێکردنى کار و بنەما و دەستپێشخەرییەکانى ئەو هاوپەیمانێتیە.

 

هەروەها لە سەردانێکدا بۆ کۆشکى سپى خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاوى کەوت بە بەڕێز ئێریک ئۆلسۆن بەڕێوەبەرى بەشى عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى و بەڕێز لودۆڤیک هوود ڕاوێژکارى تایبەت بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نووسینگەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا.

 

هەروەها نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لە پێنتاگۆن لە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا چاوى کەوت بە خاتوو جێنیفەر زاکریسکى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بە وەکالەت بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەى هەڕەشە بەردەوامەکانى داعش بۆ سەر ناوچەکە و  گرنگى هەماهەنگیە بەردەوامەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەى داعش.