دووشەممە 22 شوبات 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا باسى لە تاوانەکانى جینۆساید بەرامبەر بە ئێزیدیەکان و کریستیانەکان کرد



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا  بەیان سامى عبدالرحمن لە درێژەى کاروچاڵاکیەکانى مانگى شوبات لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەدا باسى لە تاوانەکانى جینۆساید و ئاوارەبوونى ئێزیدى و کریستیان و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینەکانى هەرێمى کوردستان کرد.

ڕێکەوتى ١٦ى شوباتى ٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێم بەیان سامى عبدالرحمن بەشدارى لە کۆبوونەوەى تۆڕى جیهانى ئازادى ئایینى نێودەوڵەتى کرد کە بەشداربووان باسیان لەو تاوانانە دەکرد بەرامبەر بە پێکهاتە ئاینیەکان ئەنجامدراوە. نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى لە بەشداربووان کرد کە نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە تاوەکو ئێستا ئێزیدییەکان و کریستیانەکان سەرەڕاى ئەوەى ناوچەکانیان چەندین ساڵە لە ژێردەستى داعش ئازادکراوە بەڵام ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە شەنگاڵ و دەشتى نەینەوا. هەروەها پێویستە پارێزگارى لە قەوارەى هەرێمى کوردستان بکرێت کە بۆتە پەناگەیەک بۆ هەموو ئەوانەى لەژێر توندوتیژییەکان لە ناوچەکانى ترى عێراق ڕووى تێدەکەن.

لە دیدارێکى ترى جیاوازدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى وێبینار لەگەڵ ئەندامانى دەستەى ڕاوێژکارى ڕزگارکردنى کریستیانە لێقەوماوەکان دووپاتى لە هەمان پەیامى سەرەوە کردەوە.

هەروەها نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بابەتى جینۆساید گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ قوتابیانى سەنتەرى یاسایى زانکۆى جۆرج تاون و لە ووتەیەکدا بەیان سامى عبدالرحمن باسى لە قۆناغەکانى جینۆساید کرد لەلایەن ڕژێمى پێشووى سەددام حسین دژى کورد و ئێزیدى و کریستیان و پێکهاتەکانى تر ئەنجامدراوە دواتریش ڕێکخراوى داعش تاوانى جیۆسایدى ئەنجامداوە بەرامبەر ئەو پێکهاتانە. نەبوونى بەرپرسیارێتى و دادپەروەرى هۆکارێک بوو لە بێ متمانەى نێوان پێکهاتەکانى عیراق.  

هەروەها نوینەرى حکومەتى هەرێم و ستافى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا بەشداریان کرد لە مەراسیمى خوانى نوێژى نیشتیمانى بەیانى کە ئەمساڵ بەشێوەى ئۆنڵاین ئەنجامدرا. هەروەها بەجیا کۆبوونەوەیان هەبوو لەگەڵ نادین ماینزا کۆمسیار لە کۆمسیۆنى ئەمریکى بۆ ئازادى ئاینى نێودەوڵەتى سەبارەت بە سەردانى ناوبراو بۆ هەرێمى کوردستان لە عێراق و باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا.