ھەینی 5 حوزەیران 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە کۆبوونەوەى وەزارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش کرد



خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ٤ى حوزەیران ى ٢٠٢٠ بەشێوەى ئۆنڵاین بەشدارى لە کۆبوونەوەى وەزارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش کرد کە وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندام لەلایەن هاوپەیمانێتیەکە بەشداربوون. نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى شاندى عێراقى بە سەرۆکایەتى بەڕێز فەرید یاسین باڵیۆزى عێراق لە ئەمریکا بەشدارى کۆبوونەوەکەى کرد.

کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتنامەى بەڕێزان مایک پۆمپەیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و لویجى دى مایۆ وەزیرى دەرەوەى ئیتالیا سازکرابوو. بەڕێز مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق ووتەیەکى پێشکەش بە ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە کرد و هەروەها باڵیۆز فەرید یاسین لە ووتەکەى خۆیدا جەختى کردەوە لەسەر یەک هەڵوێستى و یەکگرتوویى تەواوى پێکهاتە جیاوازەکانى عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ دژى داعش.

ووڵاتانى بەشداربوو بریتى بوون لە کۆمەڵەى بچووک کە پێکهاتوون لە ٣٢ ووڵات لە کۆى ٨٢ ئەندامى هاوپەیمانێتیەکە کە جەختیا لە پابەندبوونى ووڵاتەکانیان کردەوە بۆ لەناوبردنى داعش و پشتگیرى کردن لە هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سوریا، هەروەها دادگاییکردنى چەکدارانى داعش بەرامبەر بەو تاوانانەى کە ئەنجامیانداوە. هەروەها وەزیرانى دەرەوەى بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان کرد دەربارەى سەرهەڵدانى هەڕەشەکانى گروپەکانى پەیوەندار و هاوسۆزى داعش لە ڕۆژئاواى ئەفریقیا و ناوچەى ساحیل لە ئەفریقیا.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکى هاوبەش بڵاوکرایەوە کە دەتوانرێت لە ڕێگاى ئەم لینکەى خوارەوە ببینرێت:

https://www.state.gov/joint-communique-by-ministers-of-the-global-coalition-to-defeat-isis-small-group/

وێنەى هەواڵەکە ئەرشیفى کۆبوونەوەى وەزارى ووڵاتانى هاوپەیمانێتیەکەیە کە لە ساڵى ٢٠١٩ لە واشنتۆن ئەنجامدرا.