چوارشەممە 29 کانوونی دووەم 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەجیا لەگەڵ ئەندامانى لێژنەى کاروبارى سەربازى کۆبوویەوە



لە ڕێکەوتى ٢٩ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٠ خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەشێوەى جیا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى لێژنەى کاروبارى سەربازى کۆنگرێس و سیناتى ئەمریکا کۆبوویەوە.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەجیا چاوى کەوت بە بەڕێز کۆنگرێسمان جیم کووپەر و کۆنگرێسمان جۆن گارامێندى، هەروەها ستافى سیناتۆر جەیمس ڕیچ، سەرۆکى کۆمیتەى پەیوەندیەکانى درەوە لە ئەنجومەنى پیران و هەروەها سیناتۆر کێڤین کرامێر ئەندامى  لێژنەى کاروبارى سەربازى لە سینات.

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاس کۆنگرێسمان جیم کووپەر ى کرد بۆ پشتگیریەکانى لە گەلى کوردستان بەگشتى و هەروەها ڕەوەندى کوردستانى لە شارى ناشڤیل لە وویلایەتی تێنیسى کە زۆرترین ژمارەى ڕەوەندى کوردستانى ئەمریکا لەو شارە نیشتەجێن.

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تەواوى دیدارەکاندا ئەوەى خستەڕوو کە مەترسیەکانى داعش تاوەکو ئێستا بەردەوامى هەیە بۆ سەر خەڵکى عێراق و بەتایبەتى گروپە کەمەنەتەوەیى و ئاینیەکان چونکە تاوەکو ئێستا لە ئاوارەیى ماونەتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە ناوچەکانى موسڵ، هەروەها داعش و گروپە میلیشیاکانى تر هێشتا لەو ناوچەیە  چالاکن. هەروەها جەختى کردەوە لە سوپاسگوزارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پشتگیریەکانى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆهێزەکانى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان.